بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، لەئەنجامی پێکدادان و ڕوبەڕوبونەوەکانی چەند شەوی ڕابردوی نێوان لایەنگرانی لیستەکانی هەڵبژاردن، 20 کەس برینداربون. بەوتەی بەرپرسانی تەندروستیش له و ژمارەیە تەنها یەک بریندارییان لەنەخۆشخانە ماوەتەوه و ئەوانی دیکە ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: بەرێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی، د. میران محەمەد، بەئاوێنەنیوزی ڕشاگەیاند، کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە برینداربون 20 بریندارە، له و ڕێژەیەش جگە لەچوار بریندارییان کە دوانیان بەچەقۆو یەکێکیان بەفیشەک برینداربون، ئەوانی دیکە بەبەبەرد برینداربون.
د. میران ئەوەشی خستەرو کە سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوه و ڕەوشی تەندروستیان باشبووە، تەنها یەک بریندارییان کە بەفیشەک برینداربووە لەنەخۆشخانە ماوەتەوەوچاوەڕوان دەکرێت ئەویش لەدو ڕۆژی داهاتودا نەخۆشخانە جێبهێڵێت.
لەهەفتەی یەکەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لەشاری سلێمانی چەندین ڕوداوی ڕوبەڕوبونەوه و پێکدادان تا ئاستی تەقەکردن ڕویدا. سەرەتای گرژییەکانیش لەشەقامی سالم و -سەهۆڵەکە- شەقامی توی مەلیکی سلێمانی سەریهەڵدا.
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمنی سلێمانی ئامادەنین لێدوان لەبارەی ناسنامەی تەقەکەرەکانەوە بدەن، بەڵام بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختلەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هێرشەکان لایەنگرانی ئەوان دەکاتە ئامانج و "چەکدارەکانی سەر بەیەکێتی تەقە لەلایەنگرانیان دەکەن".
- 08-09-2013