مستەفا سائیب کەسایەتییەکی گەورەی سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستانە و وەک سەربازێکی ون لە زۆر بوار و ڕشتەی جیادا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە.
مامۆستا کەمال ڕەئووف محەمەد لەپەرتووکێکدا بەناوی (مستەفا سائیب ئەستێرە گەشەی کورد) کە ساڵی 1998 لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاوکراوەتەوە، بەوردی تیشک دەخاتە سەر ژیان و بەرهەمەکانی ئەم کەسایەتییە گەورەیە و بەنەتەوەپەروەر و مەردێکی ون و قەڵەمێکی دیار و پێشەنگی چەند بوارێکی نووسین و ئەدەبی کوردی وەسفی ئەکات.
مستەفا کوڕی مەلا ئەحمەدی سائیبی قازیی کوڕی مەلا قادری کوڕی مەلا حەسەنی قەرەداغییە. بە مستەفا سائیب ناسراوە.
بەهۆی ئەوەی کە باوکی قازی بووە لە شاری #کفری#، لە ڕۆژی#25-08-1904# لەو شارە لەدایک بووە.
لەکفری و #سلێمانی# و #کەرکووک# و بەغدا خوێندوویەتی.
چەند ساڵێک وەک فەرمانبەری میری خزمەتی کردووە.
مستەفا سائیب کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و هەڵسووڕاوێکی چالاکی سیاسی بووە لە ساڵانی بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، دامەزرێنەری کۆمەڵەی لاوانی کورد و کۆمەڵەی زەردەشتی بووە و ئەندامی کۆمەڵەی پێشکەوتنی کورد و موعتەمەدی لقی سلێمانی کۆمەڵەی خۆییبوون بووە.
لەبەر چالاکی سیاسی چەندین جار دوورخراوەتەوە بۆ شارەکانی #ڕواندز# و #موسڵ# و دیوانییە و حلە و کەربەلا و بەسرە.
لە بواری ڕۆشنبیریشدا ڕۆڵی دیاری هەبووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەی ئەدەبی و سیاسی و ڕۆشنبیریی گشتییە. بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامەکانی (پێشکەوتن، بانگی کوردستان، ژیانەوە، ژیان، زاری کرمانجی و گەلاوێژ) بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی 1920 لە تەمەنی 16ساڵیدا پەخشانێکی بەناوی (بۆچرووک) لە ڕۆژنامەی پێشکەوتنی سلێمانی بڵاوکردووەتەوە، هێندە جوان بووە خەڵاتی دووەمی ڕۆژنامەکەی بەدەستهێناوە. بەوەش بەیەکەم نووسەری ڕچەشکێنی باشووری کوردستان لە بواری پەخشانی هونەریدا دادەنرێت.
ڕستە نامەکانی بۆ نوێنەرانی کورد و چین و توێژەکانی میللەت و سکاڵاکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆی و یاداشتەکانی دەق و شاکاری بەرزی ئەدەبین و بەنەمری ماونەتەوە.
مستەفا سائیب چیرۆکنووسیش بووە و لەو بوارەدا شوێن پەنجەی دیارە.
زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی زانیوە، هەر بۆیەش چیرۆکی لەزمانی بیانییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و لەو بوارەشدا سەرمەشق بووە.
دیارترین خزمەتەکانی بەبواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئەوەیە کە لەگەڵ تاهیر بەهجەت #مەریوان#ی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیان بەناوی (نەشرییاتی کوردی-مەریوانی) دامەزراندووە و ئەو دەزگایە لەنێوان ساڵانی 1931-1938دا 13 پەرتووکی بەنرخی بەچاپ گەیاندووە.
ئەم کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرییە گەورەیەی کوردستان لە 09-12-1980 لە شاری سلێمانی بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا و چووە ڕیزی نەمرانی نیشتمانەوە و لە #گردی سەیوان# بەخاک سپێردراوە.[1]