بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، (213) سکاڵا لە دژی گێچەڵی سێکسی لە شوێنە گشتییەکانی کەرکووک، تۆمار کراوون.
لە ناو شوێنە گشتییەکانی کەرکووکدا، گێچەڵکردن بە ژنان بووەتە دیاردە و وێرای تۆمارنەکردنی سکاڵا لە لایەن زۆرێک لە ژنانەوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی پۆليسی کەرکووک ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، (213) سکاڵا لە لایەن ژنانەوە دژی دیاردەی گێچەڵی سێکسی تۆمارکراون.
بە هۆکاری کۆمەڵایەتی و کارکردن بەو پەندەی (کاسە بشکێت نەک بزڕێت)، زۆرێک لەو ژنانەی ڕووبەڕووی پەلامار و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و لای کەسوکاریشیان ناتوانن باسی بکەن.
لە لێدوانێکيدا، چالاکی بواری مافەکانی ژن لە شاری کەرکووک (پەیمان حوسێن) ڕایگەیاند، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکان کارمان لەسەر ئەوەکردووە، کە گرنگی بەو مەسەلەیە بدەین و کاری جدی لەسەر بکەین.
گوتیشی: “پۆلیسی کەرکووک هێندەی سەرقاڵی باردۆخی ئەمنیيە، ئەوەندە نەیان توانیوە گرنگی بەو دیاردانە بدەن و ڕەوشی بازار کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە دیاردەی گێچەڵکردن بە ژنان بکەن”.