ئەمڕۆ 14-9-2013 کاتژمێر 3:23:48 بابەتێک بەناونیشانی (لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە وەڵامی سەرۆکی هەرێمی دایەوە) بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد،لە سایتی فورات نیوز (ANF) بڵاو کراوەتەوە.
لەوبارەوە بە گرنگی دەزانین هاووڵاتیانی سەربەرزی کوردستان ئاگادار بکەینەوە، کە نە کۆمیتەی ئامادەکار و نە سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکار هیچ ڕاگەیاندنێکیان لەوبارەوە و بەوشێوەیە بڵاو نەکردۆتەوە، ئەو بابەتەش کە بڵاو کراوەتەوە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە ڕای کۆمیتەی ئامادەکار و ڕای سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ناکات.
لە بابەتەکەی سایتی ناوبراو، ئاماژە بەوە دراوە کە دوێنی لێژنەی ئامادەکار ئەو ڕوونکردنەوەی بڵاو کردۆتەوە، بەڵام بۆ بەرچاو ڕوونی و زانیاری زیاتر لە (04-09-2013) تاکو ئێستا کۆمیتەی ئامادەکار کۆنەبۆتەوە، لێرەوە بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەر کەس و لایەنێک ئەو بابەتەی بەوشێوەیە بڵاو کردبێتەوە، تەنیا و تەنیا تەمسیلی ڕای ئەو کەسەیه، بەهیچ شێوەیەک کۆمیتەی ئامادەکار ڕوونکردنەوەی لەوشێوەیەی بڵاو نەکردۆتەوە.
بۆ ڕاستکردنەوەی چەند بابەتێکی لە بڵاوکراوەکەی ئەو سایتەدا هاتووە، ڕاستییەکان بەمشێوەیە دەخەینە ڕوو:
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەکە هەر لە سەرەتاوە سەرۆکایەتی هەرێم پێیان باش بوو، ڕاپۆرتەکە وەکو خۆی بڵاوک بکرێتەوە، تا هەموو تاک و لایەنێکی کوردستان لە ڕاستی دۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا تێبگەن و بزانن لە چ بارودۆخێکدان و بەتەواوەتی و بەدروستی تێبگەن ڕووداوەکان بە چ شێوەیەک ڕوویانداوە؟، هۆی بڵاو نەکردنەوەی ڕاپۆرتەکە وەکو خۆی لەسەر داخوازی کۆمیتەی ئامادەکار بوو،کە لەسەر ئەوە ڕێککەوتن تەنیا داخوازییەکانی گەل و پێشنیازەکانی لێژنەکە بڵاو بکرێتەوە وەکو لە کاتی خۆیدا بە ڕاگەیەنراوێک بڵاو کرایەوە، نەک سەرۆکایەتی هەرێم، بەپێچەوانەوە بەرێز سەرۆکی هەرێم پێی باش بوو ڕاپۆرتەکە وەکو خۆی بڵاو بکرێتەوە، بۆ بەرچاو ڕوونی گەلی کوردستان لەوبارەوە.
سەردانی ئەم لێژنەیەش بۆ ڕۆژئاوا بەمەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بوو لە هەموو ڕووێکەوە، واتە لە هەموو ڕووێکەوە گشت بابەتەکان لەخۆ دەگرێت.
بۆ مەسەلەی کۆمەڵکوژیش، پێش جولانی لێژنەکە بەره و ڕۆژئاوا بە فەرمی داوامان لێیان کرد و چەندین جاریش تەئکید کرایەوە کە بزانن ڕووداوەکان چۆن ڕوویانداوە؟ کەی ڕوویانداوە؟ بۆ ڕوویانداوە؟ قەبارەی زیانەکان چەندن؟ چی بکرێت لە ڕووی مرۆییەوە؟، ڕوویانداوە یان نا؟ شەڕەکە لە نێوان لایەنەکان و گەلی کوردە؟ یان لە نێوان دوو تەرەفی چەکدارە؟ بەشێوەی گشتی چی بکرێت بارودۆخەکە چاک دەبێت و ئیش و ئازارەکان کەمتر دەبێت، گشت ئەو بابەتانە لە ناوەرۆکی کاری لێژنەکە بوون.
شاری عامووداش شوێنێک بوو کێشەی تێدا هەبوو، دەبوو لێژنەکە بچوونایە، بەڵام هۆی سەردان نەکردنی لێژنەکەش بۆ عاموودا وەکو لە ڕاپۆرتی لێژنەکە هاتووە، ئەوە بوو، نوێنەری (کەجەکە) و نوێنەری (بەدەپە) ئامادە نەبوون بچن بۆ عاموودا،بە هۆکاری ئەوەی کە کێشەی ناوەخۆیی لە عاموودا هەیە وەکو ئەوان گوتبوویان، لەبەر نەچوونی ئەو دوو ئەندامەی لێژنەکە، باقی ئەندامانی تری لێژنەکەش بڕیاریاندا بوو بە تەنها نەچن و لێژنەکە دابەش نەبێت، تاکو سەلامەتی ئەندامانی لێژنەکە نەکەوێتە مەترسییەوە.
د.کەمال کەرکووکی
ئەندامی سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکاری
یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
14-9-2013