یەکێتی دووبارە بەڵگەی تاوانباریی خۆی دەخاتەوە ڕوو!
دەربارەی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی بە خوێنی (5)کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تاوانی کوشتاری هاورێیانی حیزبی ئێمەی لەساڵی 2000دا خستە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا کە ئەو کاتە کەسی دوەمی ناو یەکێتی بوو. ئەم کردەوەیەی یەکێتی تاوانێکی ترە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و کەسوکاری هاورێیان و حیزبی ئێمەدا.
ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسی ئەوکاتی یەکێتیدا بوو کە لەلایەن تاڵەبانیەوە بڕیاری لەسەر درابوو وە لەسەردەستی نەوشیروان مستەفادا جێبەجێکرا، بەڵام فڕێدانی بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە لەئێستادا بەتەنها بۆسەر شانی نەوشیروان مستەفا، لەبەرئەوەی نەیاری یەکێتیەو لەوەش قێزەونتر لەناو بانگەشەی هەڵبژاردندایە، بەئاشکرا ڕیسوایی سیاسی ئەو حیزبە دەخاتەروو کە هێشتا بەشێک لە تاوانبارانی ئەو ڕوداوە لەناو سەرکردایەتی یەکێتیداو بڕیار بەدەستی ئەوحیزبەن!
نزیکەی دووساڵە کەیسی ئەو هاورێیانەمان لەناو دادگاکانی کوردستان و سلێمانیدا دێتو دەچێت، بەڵگەی پێویست و حاشا هەڵنەگر سەبارەت بە تاوانەکە پێشەکەشی دادگاو دەزگا بەرپرسەکان کراوە، بەڵام یەکێتی وەکو بابەتێکی مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ئەوکەیسەدا هەڵسوکەوت دەکات و ئێستاش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردند بۆناوزراندنی نەیارەکەی بازرگانی بە خوێنی هاورێکانی ئێمەوە دەکات و ئازاری ویژدانی ئێمەو کەسوکاری ئەو هاورێیانەمان دەدات! بۆیە ئەم کارەی یەکێتی جێگای نارەزایەتی و بێزاری ئێمەو هەر ئینسانێکی خاوەن بەهاو ویژدانی مرۆڤایەتیە و مەحکومە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەناو ئەم گاڵتەجاری هەڵبژارندنەدا ناتوانێ خۆی لەژێرباری بەرپرسیارێتی ئەو تاوانەدا دەربازبکات. سەرکردەکانی ئەوکاتەی یەکێتی، جیاواز لەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا ماونەتەوە یان لەناو سەرکردایەتی گۆڕاندان، بەرپرسی یەکەمی ئەو تاوانەن. ئێستا یەکێتی خۆی دان بەوەدا دەنێ ئەو (5)کادرەی ئێمە تیرۆرکراون، بۆیە لانی کەم دەبێ ئەو چەند کەسایەتیەی سەرکرادیەتی ئەوکاتی یەکێتی کە ئێستا لەناو یەکێتیدا ماون و ناویان لە دادگایە تەسلیم بە دادگا بکات تا زەمینەی بانگکردنی نەوشیروان مستەفاو ئەوانی ناوگۆڕانیش بۆ بەردەم دادگا فەراهەم بکرێت.
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
18-09-2013