محەمەدی جەعفەریی سەحرارودی، کە سەرۆکی نوسینگە و ڕاوێژکاری، عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ئاخوندییە، لەگەڵیدا ئامادەی کۆبونەوەی (بین المجالس) بوە لەجنێف، ناوبراو فەرماندەی تیمی تیرۆرکردنی، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەوسای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دوو لەهاوڕێکانی بوە لەرۆژی 13ی تەمموزی 1989.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران، لەسەر داواکاریی پۆلیسی نەمسا لەرۆژی 22ی دیسەمبەری 1989وە بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەرکراوە بۆ دەستگیرکردنی ناوبراوو دوو کەسیتر لەهاوکارانی.
ئاشکراشیکردوە، ناوبراو ساڵانێکی زۆرە بەهۆی خۆدزینەوە لەپاشینە "تیرۆریستی و تاوانکارانەکەی" تەنها ناوی جەعفەری بەکاردەهێنێت و وشەی (سەحرارودی) لەسەر ناوەکەی لابردوە.
سەحرارودی، لەسەر مێزی گفتوگۆکردن، پلانی "تیرۆرکردنی" قوربانییەکانی جێبەجێکرد. لەرەوتی ئەو کردە تاوانکارانەیەدا خۆیشی برینداربو. بۆیە نەیتوانی لەشوێنی "تیرۆرکردنەکە" ڕابکات و لەلایەن پۆلیسی نەمساوە دەستگیرکرا، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بەهۆی هەڕەشەکردن و تەماع وەبەرنانی ڕژێمی ئێران لەژێر ناوی (بەرگریکردنی دیپلۆماتی) ئازادکراو گەڕایەوە بۆ ئێران.
ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران ڕونیشیکردوەتەوە "جەعفەریی سەحرارودی، کە یەکێک بوو لەفەرماندەرانی ڕژێمی ئێران لەشەڕی هەشت ساڵە بەرانبەر بەعێراق، یەکێکە لەمۆرە هەرە گرینگەکانی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهە بۆ هەناردەکردنی تیرۆرو دەمارگرژی بۆ دەرەوەی ئێران کە بەتایبەت دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، دەورێکی گرنگی هەبوە لەرێکخستن و بەرەوپێشبردنی تیمەکانی تیرۆرو تەقینەوە لەعێراق و هەڵایسانی شەڕی تایفی و براکوژی له و وڵاتە. ناوبراو لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا وەک یاریدەدەری ئاسایشی ناوخۆی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا کە له و پۆستەشدا، کاروباری تایبەت بەعێراقی پێسپێردرا".
جەعفەریی سەحرارودی کە لەئەنجومەنی باڵای ئاسایشدا، یاریدەدەری، عەلی لاریجانی، بو، دوای ئەوەی لاریجانی بوە سەرۆکی مەجلیسی ئاخوندی، ئەو بوە ڕاوێژکارو سەرۆکی نوسینگەی لاریجانی و به و ناوەوە، چالاکییە "تیرۆریستییەکانی" خۆی لەعێراق ئەنجامدەدا.
- 11-10-2013