کۆمپانیای DNOی نەرویجی هاوکات لەگەڵ بەردەوامی کارەکانی لەهەڵکەندن و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەست دەکرێت هەردوو چاڵی نەوتی تاوکێ لەسەر دەریایەک نەوتن.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: لەراگەیەندراوێکدا کە کۆمپانیای DNO لەئۆسلۆ بڵاویکردووەتەوە، هاتوە، پاش لێدانی چاڵی ئاسۆیی تاوکێ-23، ڕۆژانە لەو چاڵە 32 هەزارو 500 بەرمیل نەوت بەرهەم هاتوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO، بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، ڕایگەیاندوە، کارایی هەر دوو چاڵی تاوکێ-20 و تاوکێ-23 وای لەکۆمپانیاکەمان کرد، ڕوانگە و چاوەڕوانی خۆی بۆ کێڵگەی تاوکێ بگۆرێت.
رونیشیکردەوە، "بەهەمو پێوەرێک هەردو بیرە نەوتەکە پڕن لەنەوت و پێدەچێت لەسەر دەریایەک لەنەوت بن".
سەرەرای بەردەوامی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و گرێبەستە نەوتیەکان، پەرەپێدان و کارکردن لەبواری نەوت لەشارەکانی هەرێم درێژەی هەیە.
پێشتر، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاساڵی 2015، هەرێمی کوردەستان دەتوانێ یەک ملیۆن بەرمیل و تا ساڵی 2019ش دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەبکات.
کۆمپانیای DNO لەکێڵگەی تاوکێ لەسەدا 55ی پشکەکانی هەیە و کۆمپانیای گەنەلیش لەسەدا 25و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەدا 20 ی پشکەکانی لەئەستۆدایە.
- 14-10-2013