گوندی گەرەوانی سەروو
زرار ئیبراهیم
$ناوی گوندی گەرەوانی سەروو لە چییەوە هاتووە؟$
سەرەتا ناو گوندی گەرەوانی سەروو لە دوو وشە پێکدێ
(گەرەوان +سەروو)
بەپێی بیروڕای کەسانی بەتەمەن و شارەزا لە زمانی کوردیی ناوی گەرەوان، لە وشەی (گەری) هاتووە ، چونکە گەرەوان کەوتۆتە نێوان دوو گەری کە ئەوانیش بریتین لە گەری گەرەوان و گەری ژێری، بۆچونێکی تر هەیە کە گەرەوان شوێنی دەسەلاتی چەندین میر و دەسەڵاتدار و پیاوەی گەورە بووە .
هەروەها پاشگری سەروو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنی گوندی گەرەوانی سەروو دەکەوێتە سەرەوەی گەرەوان.
$شوێنی جوگرافی$
یەکێکە لە گوندەکانی دۆلی ئاکۆیان لە شارۆچکەی ڕواندز لە پارێزگای هەولێر، 14کم لە سەنتەری شارۆچکەی ڕواندز دورە ، هەروەها 94کم لە لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە ، دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای شارۆچکەی ڕواندز، هەروەها گوندی گەرەوانی سەروو هاوسنوورە لەگەڵ گوندی گەرەوانی خواروو و گوندی بنمێردە لە دۆلی ئاکۆیان لە شارۆچکەی ڕواندز وە گوندی مەلەکان و گوندی گۆڕەشێر و گوندی تارینانی سەروو و گوندی تارینانی خواروو و گوندی کەندۆر و گوندی بلەی سەروو لە دۆلی مەلەکان لە شارۆچکەی سۆران.
$لەڕووی تۆپۆگرافیەوە$
گوندی گەرەوانی سەروو گوندێکی شاخاویە هەرچوار دەوری شاخە. لە باکووری گوندا چیای کۆلیکی داوری و قۆپی مەڕەکێویان و چیای سەرچە ، لەباشووری گوندا چیای قەرات وکۆرانەگادەر و ساردەمۆر درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە چیای بێمراتە ، لە ڕۆژهەڵاتی گوندا زنجیرە چیای ڕەشان هەر لەگەری گەرەوا ڕا درێژ دەبێتەوە تا کۆتای چیای ڕەشان کە پێی دەوترێ بن سۆرێ ، لە ڕۆژاوای گوند لە گەروێ ڕوتە ڕا دەست پێدەکات و لوتکەی بامەند وچیای سەری بەردەسپیاو درێژ دەبێتەوە تا نزیک کۆرانە سۆرک .
$سەرچاوە ئاوییەکان$
لەڕووی سەرچاوە ئاوییەکان گوندی گەرەوانی سەروو دەوڵەمەندە و چەندین سەرچاوەی ئاوی هەمیشەی و وەرزی هەیە کە گرینگترینیان ئەمانەن.
$سەرچاوە هەمیشەییەکان$
کونیلان٭جوزرینگێ بەرگێرێ٭جوزینگێ قەراتێ ٭شارەستینە٭ڕەنگ ڕەژە٭لوتان ٭کانیێ ڕێدارێ
$سەرچاوە وەرزیەکان$
سەروکانی٭ئاوێ بن کۆرانێ٭کانیێ گوێنیلە٭تاتەلێسکە٭کانیێ تاژینی٭کانیەکەو٭کانیێ بێریا٭دۆشنین٭کانیەڕەش٭کانیێ کۆمێ هەرمیا٭کانیێ فاتێ٭کانیێ عەلوکێ٭هتر....
$کوێستانەکانی گەرەوانی سەروو$
دوزریگێ بەرگێرێ و دوزرینگێ قەراتێ و گەمگەم، هەروەها کوێستانەکانی قەبرۆکە و بێڕێش و زین و کارۆخ و کوڕکەوباڕ بەشێوەی هەوبەش لەگەڵ گوندی گەرەوانی خواروو
$گۆڕستانەکان$
داکەعەیش:ئەم گۆڕستانە دەکەوێتە بناری چیای ڕەشان سەبارەت بەناوی ئەم گۆڕستانە گوایە ناوی لەوەوە هاتووە کە ئافرەتێکی خواناس و باش بەناوی (داکەعەیش) لەم شوێنە نێژراوە بۆیە هەربەم ناوە ناوراوە
باسکۆر : گوایە لە کۆندا کەسێکی کۆرە و بێ باسک لەم شوێنە نێژراوە بۆیە بەم هۆیە ئەو ناوەی لێنراوە باسکۆر واتا بێ باسک و کۆرە
لوتان (خەزا) :ئەم گۆڕستانە دەکەوێتە دۆلی لوتان ڕێک تەنیشت ئاوی لوتان ،
مێژوی ئەم گۆرستانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردمی هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام وە یەکێک لە لە پیاوچاکەکان لەوێ نێژراوە.
$کشتوکاڵ$
لەڕووی کشتوکاڵییەوە هەر لەکۆندا کشتوکاڵی سەوزەی تێداکراوە .لەکۆندا گەنم و جۆ و توتن تێداکراوە بەڵام ئێستا کەم بۆتەوە . هەرەوها هەر لەکۆندا خەڵکی ئەم گوندە تەماتەوە و خەیار و پیواز و سەوزەیان کردووە ئێستاش هەردەکرێ بەردەوامە .
لەڕووی بەرهەمهێنای میوە بە چەندەها داری میوە لەناو ڕەز وباغی گوندنشیان دا هەبووە و هەیە وەک مێو (ترێ) و سێو و عەلوک و هەنار و گوێز و خۆخ و چەقەڵە و هتر...
لە کۆندا ئاژەڵداری تێداکراوە و خەڵکی بزن و مەڕ و چێڵ و کەر و ئەسپ و ئێستر و مرشک و پەرەوەریان بەخێوکردووە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و بۆ کاروباری ڕۆژانەیان بەکاریان هێناون
خەڵک بۆ کشتوکاڵ کردنی بەرئاو لە کۆن و لە ئئێستادا سوودیان لە ئاوی شارەستینە و سەروکانی و کونیلان و ڕەنگ ڕەژە وەرگرتووە.
لەڕووی بەرهەمی کشتوکاڵەوە بەرهەم هێنای ترێ لە هەموو بەرهەمەکانی تر زیاترە.
$لەڕووی پەروەردە و فێرکردن$
گوندی گەرەوانی سەروو تەنیا قوتابخانەیەکی شەش پۆلی لێیە واتا تەنیا قوتابخانەی بنەڕەتی ، قوتابییانی گوند دوای تەواکردنی قۆناغی بنەڕەتی . دەچن لە گوندی گەرەوانی خواروو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکەن ، ئەگەر بێین بەراوردی نێوان ژمارەی دانیشتووانی گوند و ژمارەی ئەوانەی خوێندەوارن یان خوێندنیان تەواکردووە ئەوە ڕێژەیەکی زۆرباش دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن .
هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گوندی گەرەوانی سەروو کە لە شوێنەکانی تر دادەنیشن وەک ڕواندز و سۆران و ڕانیە و هتر.. خوێندنیان تەواکردووە لە بوارەکەی خۆیان سەرکەوتووبوون.
لەڕووی مێژوویەو...
بەپێی ئەوبەڵگانەی کە هەنە مێژوی گوندی گەرەوانی سەروو زۆر کۆنە.
1.لە ساڵی 1996لەهەڵدانەوەی شوێنێکی ئاسەواری دا کۆمەڵێ شتی مێژوی کۆن دۆزرایەو کە بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە هەرلەکۆندا ژیان لە گەرەوانی سەروو هەبووە .
2.بوونی کۆمەڵێ گۆڕ دۆزراونەتەوە کە شێوازی ناشتنیان وەک ناشتنی موسلمانان نییە، ئێمەی موسڵمان کە مردوو دەنێژین ڕووی تەرمەکە دەکەینە قیبلە بەڵام ئەو گۆڕانە ڕوویان لە قیبلە نییە کەئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوی پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام واتا پێش1400ساڵ بەر لە استا گوندی گەرەوانی سەروو هەبووە و خەڵک لێی ژیاوە.
3. شوێنەواری قەڵاتی ( میرگراو) لەسەر چیای قەرات لەگەرەوانی سەروو کەناوی چیایەکەش هەر بەهۆی قەڵاکە ناوراوە قەرات.
$لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلەکەمان$
گوندی گەروانی سەروو بەهۆی سەختی ناوچەکە هەمیشە لانکەی پێشمەرگە بووە .بەو هۆیەوە لە زۆر کاتدا وەک زۆربەی گوندە شاخاویەکان تر لە لایانی فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس بۆمبباران کراوە چەندان شەهید و بریندار و قوربانی داوە. هەرلەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول لەسالی 1961بەشێک لە گەنجانی گوندی گەرەوانی سەروو دەبنە پێشمەرگە .هەروەها لەکاتی شۆڕش و شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و ڕژێمی ئێراق سەرکردەی دیاری کورد و ڕابەری شۆڕشی ئەیلول (مەلا مستەفای بارزانی ) بە گوندی گەرەوان تێدەپەڕێت خەڵکی گوندیش بەو سەردانەی مەلا مستەفا زۆر دلخۆش دەبن. هەروەها لە ئەنفالکردنی کوردستان لەسالی 1988 گوندی گەرەوانی سەروو وەک زۆربەی گوندەکانی کوردستان بەتەواوی وێران دەکرێ و لە سەرجەم شۆڕشەکانی کورد گوندی گەرەوانی سەروو شەهید و برینداری داوە ، بۆ نموونە کاتێ کوردستان ئەنفال کرا دوو پیاوی گوندەکەمان بەبێتاوانی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ئەنفالکران و شەهید کران بەناوەکانی (شەهید عەبدولڕەزاق و شەهید فارس عەلی) هەروەها ئێستاش لەگەڵ بێ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی گوند پێشمەرگەن و ئامادەن پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکەن. [1]