بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قەزای دەربەندیخان، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکیەوە، ئاوی ماڵانی چەند گەڕەکی شارۆچکەی دەربەندیخان تووشی پیس بوون بوو،ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیانی شارۆچکەکە.
رووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە یەکێک لە دەرگاکانی بەنداوەکە سیانەکراوه و قور و لیتە تێکەڵی ئاوەکە بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی و تەنسیق لەنێوان ئیدارەی بەنداوەکە کە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان کە سەر بە وەزارەتی شارەوانییە، لەکاتی سیانەکەدا ئاو بەچەند گەڕەکێکی شارۆچکەکە دراوە بەمەش ئەو پیس بوونە ڕوویداوە.
ئێمە وێرای داوای لێبووردن لە هاوڵاتیانی شارۆچکەی دەربەندیخان، ڕایدەگەیەنین لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی و نەبوونی هەماهەنگیی نێوان فەرمانگەی ئاو و ئیدارەی بەنداوەکه و هەر کەس له و بارەیەوە بەرپرس و کەمتەرخەم بێت بە پێی یاسای (قانون اچباگ موڤفی الدولە) سزای یاسایی دەدەین.
لەهەمان کاتدا ڕایدەگەیەنین فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی ئاوی دەوربەری سلێمانی لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پاککردنەوەی حەوزی ئاوەکان و تۆڕی ئاوی ئەو گەڕەکانه و و چەند تیمێک لە تەندروستی و بەرێوەبەرایەتی ئاوی دەورو بەر سەردانی ئەو گەڕەکانەیان کردووە و سمپڵیان لە ئاوی ماڵان وەرگرتووه و دەرکەوتووە ئاوەکە لەرووی فیزیکیەوە نۆرماڵە و شیاوە بۆ خواردنەوه و لەرووی کیمیایشەوە چاوەڕێی دەرچوونی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانین لەبەر ئەوەی دەرکەوتنی ئەنجامەکان ماوەیان پێویستە.
هاوکات ڕایدەگەیەنین لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ئێستادا کۆمپانیایەکی تورکی کار لەسەر دانانی فلتەر دەکات بۆ ئاوی شارۆچکەی دەربەندیخان و لەئێستادا دەست بەکاربووەوە بەڵێنیان داوە لەماوەی 3 مانگ و نیودا پرۆژەکە تەواو بکەن، بەپێویستیشی دەزانین لێرەدا ڕوونی بکەینەوە پڕۆژەی فلتەری ئاوی دەربەندیخان پێش لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانیاوە کاری دیزاین و جێ بەجێ کردنی بۆ کرا، بەڵام کۆمپانیاکە لەکارەکەدا سەر نەکەوتوو به و هۆیەشەوە لە ئێستادا کۆمپانیاکە دراوە بە دادگا.
هەروەها بریارمانداوە تا تەواو بوونی پرۆژەی فلتەر کردنی ئاوی دەربەندیخان، وەک چارەسەرێکی کاتی بە تەنکەر ئاوی پاک بگەیەنینە هاوڵاتیانی شارۆچکەکە و لەگەڵ ئەوەشدا چەند بیرێکی قوڵ لێ بدەین.
لێرەوەش داوا لە هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیە دەکەین کۆتایی بە خۆپیشاندانەکەیان بهێنن و دڵنیابن پەیامەکەیان گەیشتووە و چارەسەری کێشەکەیان دەکرێت، لەبەر ئەوەی گرتنی ڕێگە سەرەکییەکانی ئەو شارۆچکەیە بووتە هۆی کێشه و گرفت بۆ هاوڵاتیان و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بەپێچەوانەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان ناچار دەبین ڕێگەی یاسایی تر بگرینە بەر.
بەهرۆز محەمەد ساڵح
پارێزگاری سلێمانی
- 31-10-2013