ئەم کۆستە هەرگیز شوێنی پڕنابێتەوە!
ڕاگەیاندنێک لەبارەی ئیختتاف وگیان لەدەستدانی هاوڕێ ئازاد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ئەندامی کۆمیەتی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
دوێنێ کاتژمێر شەش ونیوی ئێوارە، هاوڕی ئازاد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق وئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتی گەڕانەوەیدا، لەشاری کەرکووکەوە بۆ سلێمانی، لەلایەن گروپێکی تاوانباری تیرۆریستیەوە، دەفڕینرێ وپاشان دەیکوژن وئاگر لەسەیارەکەی بەردەدەن.
هاوڕێ ئازاد لە شاری ڕانیە لەساڵی 1971لەدایک بووە ولەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە وەک ئەندامێکی "ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست" لەڕانیە دەستی بەچالاکی سیاسی کردووە ولەیەکەمین ڕۆژەکانی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری عێراقەوە، ساڵی 1993، بووتە ئەندام وسەرەتای دەورەیەکی پڕ لەهەڵسورانی سیاسی وکۆمۆنیستی لەڕیزەکانی حزبدا دەست پێکردوە وچەندین ئەرک وبەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆگرتووە، لەوانە بەرپرسی کۆمیتەی ڕانیە وئەندامێتی لەکۆمیتەی ڕابەرایەتی ڕێکخراوی کوردستان وئەندام لەکۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا. هەروەها هاوڕێ ئازاد لە پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستاندا ساڵی 2008وەک ئەندامێکی دامەزرێنەربەشداربووە ولەیەکەمین پلنۆمدا بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە.
هاوڕی ئازاد ئەحمەد کەسایەتیەکی ناسراو وکۆمۆنیستێکی جەسوری ڕێگای خەباتی ڕاوەستانەوە بووە بەدژی دەسەلاتی کۆنەپەرستانەی ئەحزابی قەومیو ئیسلامی لەکوردستانو لەم ڕیگایەشدا ڕیخەری چەندین مەیدانی سیاسی و جەماوەری بووە. وەلەسەر ئاستی عێراقیش هاوڕی ئازاد لەژیانی سیاسیدا بەرپرسیارێتی جۆراوجۆری ڕیکخراوەیی وسیاسی لەئەستۆگرتووە و بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لەبردنەپێشەوەی ئەرکەکانیدا تێکۆشاوە.
هاوڕی ئازاد ئەحمەد، نمونەیەکی ڕاستەقینە وخەباتگێڕێکی کۆمۆنیست وکەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی ناسراو وخۆشەویستی جەماوەریبووە. هاوڕی ئازاد بەهەق هەستێکی پڕلەگەشبینی کۆمۆنیستی وئینساندۆستی بووە، بەدڵسۆزیو قوربانیدانەکانی لەجوڵانەوەی کۆمۆنیستی وحزبەکانیدا جێگایەکی گەورەی هەبوو. بەلەدەستدانی ئەو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەعێراق وکوردستان وحزبەکانی خەسارەتێکی گەورەی لێکەوت ویەکێک لەسیما سیاسیو ناسراوەکانی لەدەستدا. مەرگی هاوڕی ئازاد بۆشاییەکی هەرگیز پڕنەکراوەیە بۆ بزوتەنوەکەمان.
لەم کارەساتەدا هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق وکوردستان هاوبەشی خەمی خۆیان دەردەبڕن بۆ هاوڕی ساکار سەعیدی هاوسەری ومناڵەکانی(ژیلاو ئارین) وخێزان و کەسوکار ودۆستان وئەندامانی حزب و چینی کرێکار وئازادیخوازان ویەکسانی خوازان. هاوکات هەردوو حزب سوربونی خۆیان لەبردنە پێشەوەی ڕیبازیک ڕادەگەیەنن کەئەو بۆی تێکۆشاو لەپێناویدا گێانی سپارد.
نەمری وسەربەرزی بۆ یادی هاوڕی ئازاد!
بژی ئازادی و یەکسانی !
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
31-10-2013