بەهۆی بەردەوامی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردودا لە شاری سلێمانی 77 ملم باران باریوه و کۆی گشتی گەیاندوەتە 123 ملم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت، لە سلێمانی پەڵەی داوە.
دارا حەسەن فەرەج، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی بە (خەندان)ی ڕاگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردودا 77 ملم باران لە سلێمانی و دەوروبەری باریوه و کۆی گشتی گەیاندوەتە 123 ملم باران، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر باشه و پار ئەم کاتە 36 ملم بارانباریبوو.
وتیشی: "ئه و بارانەی تا ئێستا لە سلێمانی باریوە ڕێژەیەکی باشه و تا سبەینێ دووشەممەش بەردەوام دەبێت، بۆیە وەک دەڵێن لە ئێستادا پەڵەی داوە".
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە (خەندان) ی ڕاگەیاند: لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردودا لە هەولێر نۆ ملم باران باریوە، پیرمام 13 ملم، شەمامک 12 ملم، مەخمور سێ ملم، خەبات 24 ملم، سۆران 18 ملم، چەمچەماڵ 50 ملم، هەڵەبجە 22 ملم، هەڵشۆ 51 ملم، مەیدان 36 ملم، دهۆک شەش ملم، زاخۆ 18 ملم، ئاکرێ 25 ملم، مەندێش 18 ملم، کەرکووک 12 ملم، خانەقین 27 ملم، دوزخورماتوو 81 ملم، تەلەعفەر حەوت ملم.
- 10-11-2013