شارەزایەکی بواری نەوت پێشبینی دەکات، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی دووساڵی داهاتوو، بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا، پێشی وایە هەرێم لەسەر دەریایەکە لەنەوت.
سوبحی بەدری، شارەزای بواری نەوت بەخەندانی ڕاگەیاند،" مژدەی دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە نەوت و گاز لە یەکێک لەکێڵگە نەوتیەکانی هەرێم لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی M.O.L مەجەر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو"، وتیشی:" هەر بەرەوپێش چوونێک لەهەرێم خزمەت بەعیراق دەگەیەنێت".
بەدری پێشبینی دەکات، هەرێمی کوردستان لەتوانایدا بێت ڕێژەی هەناردەی نەوت لەماوەی هەردوو ساڵی 2014 و 2015 بگەیەنێتە یەک ملیۆن بەرمیل یا زیاتر لەرۆژێکدا، ئەوەشی خستەڕوو کە، " هەرێمی کوردستان لەسەر دەریایەکە لەنەوت و دەوڵەمەندە به و سەرچاوە سروشتیە".
بەوتەی بەدری، هەردوو یاسای وەبەرهێنان و نەوتی هەرێمی کوردستان، لەیاسا پێشکەوتووەکانن لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشکرد کە،" پێدەچێت عیراق بەهۆی زۆری نەوتی هەرێم ببێتە یەکێک لەوڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە لەڕووی هەناردەی نەوت، دوای پاشەکشەی چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە".
پێشتر گروپی کۆمپانیای M.O.L مەجەر، کەکار لەکەرتی نەوتدا دەکات لەهەرێم ئاشکرایکردبوو، ڕێژەیەکی زۆر لەنەوتی خاوی لە یەکێک لەکێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە و لەساڵی داهاتوەوە دەست دەکات بە بەرهەمهێنانی نەوت له و کێڵگەیە، کە پێدەچێت 10 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەم بهێنێت.
- 10-11-2013