بۆ/
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
رای گشتی
وەکو لای هەموو لایەک ئاشکرایە لەئێستا بەهۆی بوونی چەندین کێشه و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بێسنووری چەک لەناو تاک بەتاکی ئەم هەرێمەدا، ڕۆژانە هەواڵی خۆکوشتن و کوشتن بە فیشەک و دەستڕێژی گوللەوە هەموومان ڕادەچڵەکێنێ، بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی لە شاری سلێمانی و دەورووبەری و شارەکانی تری کوردستاندا ڕوودەدەن هێڵی سووریان تێپەڕاندووه و پێویستە هەرچی زووە، کاری جددی بۆ بکرێت و پشتگوێ نەخرێت چونکە ئەم ڕووداوانە ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاکی کوردی خستۆتە مەترسییەوە، بۆیە ئێمە وەکو ڕێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان و وەکو توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێمان وایە دەبێت بەرپرسانی ئەم هەرێمە پێش هەر کارێکی تر کاری جددی بکەن بۆ لێکۆڵینەوه و دیراسەکردنی ئەم دۆخەی کە ئێستا سلێمانی و کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە داواکارین لە ئێستادا بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمه و سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کار بکەن بۆ:
1- دروستکردنی لیژنەیەکی پسپۆڕی لە کەسانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و خەڵکانی تری تایبەتمەند، بۆ هەستان بە ئەنجامدانی دیراسەی وردو لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوەی کە لە کوردستاندا گوزەر دەکات و دوای تەواوکردنی ئەم دیراسەیه و کاری لیژنەکە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بیکاتە بەرنامەی کاری خۆی.
2- لە ئێستاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی حکومەتی کار بەرێخەرە بەڵام دەتوانێت کار بکات بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو چەکانەی کە هاووڵاتیانی ئەم کوردستانە بەبیانووی جیاجیاوە لەماڵەوە حەشاریانداوە، یان بە هۆی بوونی مۆڵەتەوە بەردەوام چەک هەڵدەگرێت، بۆ ئەمەش حکومەت دەتوانێت لەرێگەی تەرخانکردنی بڕێک پارەوە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەیە چەکەکان کۆبکاتەوه و دواتر لەدەستێکی ئەمیندا کۆیان بکاتەوه و سزای توند بۆ ئەو کەسانە دابنێت کە چەک هەڵدەگرن بەهەر بیانوویەک بێت..
3- جگە لەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرێت کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوانە بکات و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن و نەهێڵن چیتر ئەم وڵاتە لەرێگەی کەسانی لادەر لەیاساو تاوانبارە دۆخی ئارامی تێک بچێت...
10-11-2013
رێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان