خەندان – ڕەهێڵ سەمەد
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم ڕایدەگەیەنێت پرۆژەی ژماردنی ئاژەڵ لە عیراق بە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش 17 ملیار دینار تەرخانکراوە و تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاژەڵی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان ژمارە کراون.
د.ئازاد خۆشناو بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم بە خەندانی ڕایکەیاند: لەچوارچێوەی پرۆژەی هەڵمەتی نیشتمانی سەرژمێری سامانی ئاژەڵ لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عیراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە پڕۆژەی تەرقیمکردنی سامانی ئاژەڵ بەبڕی (17) ملیار دینار لە سەر بودجەی سیادی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دەدرێت.
د. ئازاد وتی: "بۆ ئەو مەبەستە (670) لیژنە پێکهاتووە بە بەشداری نزیکەی (3) هەزار ئەندام بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە"، ئاماژەشی بەوەدا کە پڕۆژەیەکی شارستانی و ئابووریی گرنگە و ئاسانکارییەکە بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەی ئاژەڵ لە عیراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی پلانی ساڵانەی دەرمان و ڤاکسین و ئالیک و پێداویستیەکانی سامانی ئاژەڵ و ئاسانکارییەکە بۆ ڕێکخستنی کرداری سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕینخانەکان و ڕێگا دەگرێت لە کرداری بە قاچاغبردنی ئاژەڵ بەمەش ڕێگا لە کەمبونی سامانی ئاژەڵ دەگیرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئەم پرۆژەیە ئەلیکترۆنی و سەردەمیانەیە بەجۆرێک کە لەسەر ئەم ژمارانەدا بەڕەمز ناوی هەریەک لە (ووڵات، پارێزگا، شاروشارۆچکە و جۆر و ڕەگەزی ئاژەڵ و ژمارەکەی) دیاریکراوە و لەگوێچکەی ئاژەڵەکە دەدرێت و توانای مانەوەی هەیە لەگەڵ تەمەنی ئاژەڵەکە و خۆڕاگرە و بەئاسانی تێکناچێت.
وتیشی: "بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکەمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاژەڵی جۆراوجۆر ژمارە کراون".
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کاتی ئێستادا بەپێ هەڵمەتەکانی کوتان بۆ ئاژەڵان دەرکەوتووە کە زیاتر لە 3 ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچوک و 370 هەزار ڕەشەوڵاخ و 280 هەزار گامێش لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
- 17-11-2013