ئا: ئاراس عوسمان
رێبوار محەمەد، سەرۆکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان نەیشاردەوە کە ڕێژی سەوزایی ناوچەکە زۆر کەمه و لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنەوتی: "لەماوەی ئەمساڵدا دو کیلۆمەتر جەزرەمان کردوه و تاکو ساڵی داهاتو نزیکەی هەشت ملیار دینارمان تەرخانکردوە بۆ باخچه و سەوزایی لەناوچەکەدا".
هاوکات مەهدی کەریم، کە پیشەی شۆفێرە، لەبارەی بونی سەوزایی و پیسی ژینگەی قەزای دەربەندیخانەوەوتی: "رەنگە ئێستا ئێمە لەوەرزی هاویندا زیاتر توشی پیسی ژینگه و دوکەڵی ئۆتۆمبیلەبارهەڵگرو کارگەکان ببین، ئەگەر زیاتر بایەخ بەزیادبونی سەوزایی بدرێت، ڕەنگە بتوانرێت هەوایەکی شیاوتر دروست ببێت لەوەی ئێستا هەیە".
کەمی سەوزایی لەدەربەندیخان نیگەرانی لای ڕێکخراوەکان دروستکردوەووەک خۆیان دەڵێن چەندین جار حکومەتیان له و مەسەلەیە ئاگاردارکردوەتەوە. لەوبارەیەوە سەروەر قەرەداغی، سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوە ژینگەیەکانی گەرمیان بەئاوێنەی ڕاگەیاند" بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستماندایە ڕێژەی سەوزایی لەقەزای دەربەندیخان 2% کەمترە لەکاتێکدا دەبێت لە15% کەمتر نەبێت،وەک ڕێکخراوە ژینگەیەکانی ناوچەکەش چەندینجار داوامانکردوە لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ زیادکردنی ئەو ڕوبەرە کەمە، ئەوەی کراوە ڕێژەیەکی کەمه و لەئاست خواستی ئێمەدا نیە".
لەئێستادا زۆرێک لەدانیشتوان و چاودێرانی ناوچەکە بۆیاندەرکەتوە کە ژینگەی دەربەندیخان ناتەندروستە و هاوڵاتیانی ئەو شارە بەدەست دەیان نەخۆشیەوە دەناڵێنن، لەلایەکی دیکەوە زۆربونی کارگه و زۆری ئۆتۆمبیلی بارهەڵگرو نەبونی سەوزایی، ئەو قەزایەی گیرۆدەکردوە، هەروەها چەندین کارگە بونی هەیە کە هەمویان لەناو ماڵەکانن.
سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی گەرمیان، جەختی لەوە کردەوە" شارەکان و ناوچەکانی دیکە ڕەنگە ڕێژەی سەوزایی تێیدا 5% بێت، بۆیە داوامانکردوە پارکی دارستانی یان پشتێنەیەکی سەوزایی بۆ دەربەندیخان دروست بکرێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ یەکێک له و داوایانەمان کاری بۆ نەکراوە، ئەوانیش سەرۆکایەتی شارەوانی و هۆبەی دارستانی و دەستەی پاراستنی هەرێم و...هتد، کە خۆشیان ئاگاداری ئەو ڕێژە کەمەی سەوزاین لەناوچەکه و کاری جدیان بۆ نەکردوە، بۆیە پێشمانوایە ئەمە حاڵەتێکی مەترسیدارە بۆ زیاتر بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان، ئەگەر لەهەر ناوچەیەکی دیکە ڕەگەزی ئاو یان خاک پیسبوبێت، ئەوا ئێستا لەدەربەندیخان ڕەگەزی ئاوو هەواوو خاکیش پیسبون کە ئەمەش جێگەی مەترسیە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی شارەوانی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکات"لەساڵی 2011 ملیارێک و پێنج سەد ملیۆن دینار دابینکراوە بۆ هێنانی هەشت ئینج ئاو لەسەدەکەوە بۆ ئاوەدانی باخچەکان، بەداخەوە تائێستا هیچ کۆمپانیایەک ئامادەنیە ئەو پرۆژەیە وەربگرێت، لەساڵای داهاتو بڕی 6 ملیار و سێ سەد ملیۆن دابینکراوە بۆ هەندێک پرۆژە کە سەوزایی لەنێو پرۆژەکەدایە".
پێشتریش، بەرپرسانی باخچەکانی شارەوانی دەربەندیخان ڕایانگەیاندبو " ئەو ڕێژەیەی کە شارەوانی وەک باخچه و جەزرەی ناوەندی دروستیکردوە، %1.8، بەپێی ستانداری جیهانیش بۆ قەزایەکی وەک دەربەندیخان دەبێت ڕێژەکەی % 8.8 ە".
ژمارەی دانیشتوانی دەربەندیخان نزیکەی 45 هەزار کەس دەبێت، قەزای دەربەندیخان لەنێوان چیای زمناکۆ و خۆشک و گۆڵان و بەرانان لەدامێنی دەریاچەیەکدایە، هاوڵاتیان پیسبونی ژینگەکەی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر بەناو دەربەندیخاندا تێدەپەرێن بۆ خاڵە سنوریەکان، کە بەپێی ئامارێکی بنکەی هاتوچۆی دەربەندیخان ڕۆژانە نزیکە 4 هەزار ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر هاتوچۆ دەکەن بەناو قەزاکەدا.
- 21-11-2013