خەندان - هێمن محەمەد
لەمساڵدا لە گەرمیان نزیکەی 160 هەزار نەمامی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراوە و لە ساڵی داهاتووشدا دارستانی دەستکرد لە ناوچەکانی سەر بە ئیدارەی گەرمیان دروستدەکرێت.
هەژار غازی، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان بۆ خەندان) باسی لەوە کرد کە "هەتا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی 2013، زیاتر لە 160 هەزار نەمامی جۆراوجۆر لە ڕێگەی (نەمامگەی کفری)یەوە بەرهەمهێنراون.
هەژار غازی وتی: "لە ساڵی داهاتوودا و بە ڕووبەری جیاواز دارستانی دەستکرد لە قەزا و ناحییەکانی سنوری گەرمیان دروستدەکرێن".
وتیشی: "لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی 150هەزار نەمام بەرهەمهێنراون، بەڵام لە تەواوی ساڵی 2013 دا ئەو ڕێژەیە بۆ 200 هەزار زیاد دەکات و هەتا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 160 هەزار نەمامی جۆراوجۆر بەرهەمهاتوون".
هەژار غازی، ڕوونیشیکردەوە، نەمامە بەرهەمهێنراوەکانی ئەمساڵ بریتین لە جۆرەکانی (کالبتوس، واشنتونیا، دەدۆنیا، ئەلبیزیا، گازۆلینا، ژالە، کنار توو).
سەبارەت بە سەوزایی ناوچەی گەرمیانیش، وتی: "لەمساڵدا پشتێنەیەکی سەوزایی بە درێژی 10 کیلۆمەتر لە ڕێگای قاسم ئاغا هەتا گوندی سەید خەلیل تەواو بووە کە 10 هەزار نەمام لەخۆ دەگرێت و پانییەکەی 21 مەترە، بەرزی دارەکان یەک مەتر بۆ یەک مەترو نیوە و سەرجەمیان بە سیستەمی دڵۆپاندن پێگەیشتوون".
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان، ئاشکراشیکرد کە " بۆ ساڵی 2014 دارستانی دەستکرد لە ناوچەکانی (کەلار، خانەقین، کفری، ڕزگاری، مەیدان) دروستدەکەین، ئەویش لە ڕووبەری 50 یان 100 دۆنم بە گوێرەی هەڵکەوتە و فراوانی ناوچەکە دەبێت".
وتیشی: "لەمساڵیشداو لە ڕۆژی 14 ی 4 کە یادی ئەنفالە، لە ڕووبەری 50 دۆنمدا، دروستکردنی دارستانێکی دەستکرد لە گوندی دێبنە تەواو بووە".
- 24-11-2013