خەندان - دانەر حسێن
بەڕێوەبەری خوێندنی ئەهلی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ زۆرترین قوتابی لە زانکۆ ئەهلییەکان وەردەگیرێن.
د.جەمال کەمال بەڕێوەبەری خوێندنی ئەهلی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە خەندانی وت: "بۆ ساڵی خوێندنی 2013 -2014 پێشبینی دەکرێت 12 هەزار و 500 قوتابی لە زانکۆ ئەهلییەکان وەربگیرێن".
د.جەمال ئاماژەی بەوەدا کە ئەو 12 هەزار قوتابیە دابەشی سەر 11 زانکۆی ئەهلی کراون و هەریەکەی بە پێی کۆنمرە و پسپۆڕییەکانیان وەردەگیرێن، وتیشی:" ساڵانە گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکانی وەرگرتن دەکرێت، ئەمساڵیش ڕێنمایی تازە پەیڕەو دەکرێت و هەوڵیش دراوە زۆرترین قوتابی وەربگیرێت".
بەڕێوەبەری خوێندنی ئەهلی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکراشیکرد کە "بۆ ئەمساڵ لە زانکۆی جیهان لە بەشی یاسا کۆنمرەی 68 وەرگیراوە، بەڵام بۆ دەرچووی ساڵانی پێشوو 74 وەرگیراوە، لە زانکۆی فەرەنسی لوبنانی دەرچووی ئەمساڵ بۆ کۆنمرەی 60 لە بەشی یاسا وەرگیراوە، پێوەری وەرگرتن لە هەموو زانکۆکان وەکو یەکە، بەڵام داواکاری پێشکەشکردن و کێبڕکێی نمرە وایکردوە جیاوازی هەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری قوتابیان لە زانکۆ حکومیەکان وەرنەگیراون بۆیە هەوڵمانداوە کە زۆرترینی ئەو قوتابیانە لە زانکۆ ئەهلییەکان وەربگیرێن.
وتیشی: "تاوەکو سەرەتای ئەم هەفتەیەش فۆرمی وەرگرتن لەو زانکۆیانە هەبووە بۆ ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ خوێندکاران".
سەرەتای ئەم مانگە دکتۆر عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە34 هەزارو 71 خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان وەرگیراون و 13 هەزار خوێندکار لە هیچ زانکۆیەکی حکومی وەرنەگیراون.
- 30-11-2013