بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێم لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردودا هەر شمەک و خۆراکێک لە هەرێمدا بەرێژەی 6.5 % نرخەکەی بەرزبووەتەوە، بەپێی وتەی ئابووریناسێکیش ئەو ڕێژەیە ئاسایی نییە ڕێژەی هەڵاوسان بەپێی ستانداردی جیهانی تا 4% ئاساییە، بەڵام ئەوەی لە کوردستاندا هەیە ئاسایی نییەو، هەرکاتێکیش هەڵاوسان ڕویدا مانای وایە نرخ بەرزه و خەڵکی خۆشگوزەران نین.
ئا: ڕامان عومەر
بەپێی ئەو ئامارە لە هەرێمی کوردستان هەریەک لەخواردن و خواردەمەنی و جلوبەرگ و پێڵاو، کرێی خانو، بوارەکانی تەندرووستی و پەروەرده و فێرکردن، ئاوو کارەبا بەرزبوونەوەی نرخیان بەخۆیانەوە بینیوه و بەرزترین ڕێژەش بەر خواردن و خواردەمەنی دەکەوێت بەرێژەی7، 3%.
لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ڕێژەی پێوانەی نرخی بەکاربەر گەیشتە زیاتر لە143% و بەمەش تێکڕایی بەرزبوونەوەی نرخ لە مانگی ئەیلولدا بەرێژەی 0، 8% بەرزبویەوە، ئەم ڕێژەیەش دو هێندەی هەمان مانگی ساڵی ڕابردووە.
بەرزبوونەوەی نرخ لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە قەیرانێکی بێکاری توند لەشارەکاندا دەستی پێ کردووە، کە بەهەزاران گەنجی خاوەنبڕوانامه و دەرچوی زانکۆکان هیچ دەرفەتێکی کاریان نیه و بێئیش دەسوڕێنەوە.
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی #بەعس#ەوە و لە ساڵی 2003 وە ئەوە بۆ یەکەمجارە پارێزگای #سلێمانی# تووشی گەورەترین قەیرانی ئابووری بێت و پارە لەدەستی خەڵکدا کەمبێتەوە و کەمترین دەرفەتی کاریش هەبێت، بەم حاڵەتەش وەک بەشێک لەبازرگانان باسی دەکەن نزیکەی چەند مانگێکە بەتەواوی هەستی پێکراوە، ئاڵوگۆڕو بازرگانی لە پارێزگاکەدا بەرەو داخزان دەچێت و زۆربەی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت کارەکانیان کەمبووەتەوە.
ئەم حاڵەتە لە پارێزگای #هەولێر#ەش هەستی پێدەکرێت بەتایبەت دوای دو تەقینەوە تیرۆرستییەکە کە له و شاردا ڕویدا، هەندێک خاوەن پیشە لەئێستا 1/3 داهاتی ڕۆژانەیان لەچاو جاران کەمبووەتەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێم، کەرتی ڕۆشنبیریی زۆرترین ڕێژەی دابەزینی بەخۆەوە بینیوه و لە مانگی ئەیلولدا نزمبوونەوەی نرخ له و کەرتەدا گەیشتۆتە 6.3%. ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشی پەرتووک و ڕۆژنامه و گۆڤارەکان و دابەزینی بینەری شانۆ و سینەماو مۆزیکەوە.
لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردودا هەر شمەک و خۆراکێک لە هەرێمی کوردستان بەرێژەی 6.5 % نرخەکەی بەرزبووەتەوە لە ساڵی 2007یشەوە تا 2012 ڕێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لە39% بووە.پارێزگاری هەولێرەش بەرزترین ئاستی بەردەکەوێت، کە له و ماوەیەدا ڕێژەی هەڵاوسان له و پارێزگایە نزیکەی لە51% بووە. واتە هەر شمەک و خۆراکێک بەرێژەی 48 8% نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
پەڕڵەمانتاری هەرێم و ئابووریناس د. عیزەت سابیر، له و بارەیەوە دەڵێت ڕێژەی هەڵاوسان بەپێی ستانداردی جیهانی تا 4 % ئاساییە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە کوردستان پێویستی بەهەڵوەستە لەسەر کردنە. هەرکاتێکیش هەڵاوسان ڕویدا مانای وایە نرخ بەرزه و خەڵک به و دۆخە خۆشگوزەران نین.
عیزەت سابیر، ئەوەشی خستەڕو کە پێویستە حکومەتی هەرێم کار بکات بۆ ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر نەبێت و وتیشی ئەگەر بەرزبێت واتە هەڵاوسان لەنرخەکاندا هەیە لەئابووری وڵات کە لەبەرژەوەندی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا نییە، چونکە هەموو بەرزبوونەوەیەک له و نرخانەدا مانای کەمبوونەوەی داهاتی ڕاستەقینەی تاک و خێزانەکانە. ناوبراو باس لەوەش دەکات هەتا هەڵاوسان زیاتر بێت خەڵک کەمتر خۆشگوزەران دەبێت و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دەروونی خەڵک دەبێت بەوەی کە هەست بەئاسوودەیی نەکەن.
بەجیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراقدا کەمترە و لەرێژە ستانداردا وەستاوە، پسپۆڕی ئابووری ئەحمەد ئەبرەهی بەئاژانسی (ایبا) ی ڕاگەیاندوە، کە تێکڕای ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراق لەپێنج ساڵی ڕابردودا دابەزیوه و بەپێی ئامارەکانی نێوان ساڵانی 2007 تا 2012 ڕێژەی هەڵاوسان 4، 6%و ئەم ڕێژەیەش پێوانەییە لەچاو وڵاتانی تری خاوەن نەوت و تازەگەشەکردودا کە ئەم ڕێژە نزیکەی 8 جار لەرێژەی هەڵاوسان لە هەرێمی کوردستان کەمترە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی ئێراقیش نرخی شمەک و هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردودا 3، 6% بووە.ئەوەش کەمترین ڕێژەیە لە2007وە.
هەرێمی کوردستان لەئێستادا بەدۆخێکی نەخوازراوی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، کە بریتییە لەکەمبوونەوەی داهاتی مانگانه و ڕۆژانەی تاکەکان و بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخەکان، کە ئەوەش تەنیا لەزیانی هاووڵاتی کۆتایی دێت.
- 04-12-2013