- سەرجەم ڕێکخراوە ئەنتەرناسیۆنالەکانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و یەکێتی ئەوروپا لە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاگادار ئەکەینەوە
بۆ بەرێزان:
- پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا - کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ
- پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا - نوسینگەی گەشەپێدانی دیموکراسی پەرلەمانی
- پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا – کۆمیتەی گەشەپێدانی یاسا لەعێراق
- سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق - ستروان ستیڤنسن
- جێگری سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق - ئەستێر دێ لانگە
- تەواوی ئەندامان و کارگێڕانی نێردەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق (19 کەسایەتی لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان)
- یەکێتی ئەوروپا – کۆمیتەی سەروەری یاسا EUJUST LEX
- یەکێتی ئەوروپا – نوسینگەی کاروباری دەرەوە
- وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵی بەلجیکا
- ئیمینستی ئینتەرناشیۆناڵ
- هیومان ڕایتس ۆچ
- پەیامنێرانی بێ سنور
- کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ
بەرێزان ئاگادارتان ئەکەینەوە، کاوە محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (کاوە گەرمیانی) دوێنێ شەو هاتە ڕیزی قوربانیەکانی ئازادی ڕادەربڕینەوە. گەرمیانی شەوی 5 ی 12 ی 2013 لە لایەن چەند تاوانبارێکەوە لەبەر چاوی دایکی کوژرا.
بەو کردارەش لاپەرەیەکی تری ڕەش لە مێژوی هەرێمی کوردستان دژ بەو دەنگە ئازادانە تۆمار کرا. ئەو قوربانیانەی کە خەڵکی کوردستان ناویان ناون شەهیدانی قەلەم.
هەرێمی کوردستانی ئێراق کە لە ساڵی 1991 وە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئێراقی سەردەمی سەدام حوسێن و پاش ئەو نەماوە و ئازادیەکی ڕەهای بە ناوی هەرێمی فیدراڵەوە هەیە. ئەو هەرێمە لە لایەن دوو پارتی سیاسیەوە کە بنەماڵەکانیان پۆستە سەرەکیە سیاسی و ئاسایشیەکانیان هەیە بەڕێوە دەبرێت.
دەزگا ئەمنیەکان و بەرپرسانی ئەم هەرێمە مێژوویەکی پڕ خوێناویان لە کوشتن و زیندانیکردن و ڕاونان و ئازاری فیزیکی و دەم مردوکردن و سوکایەتی پیکردن وهەوڵی کڕینی ویژدانی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادەکان هەیە.
راپۆرتەکان وهەواڵەکانی ڕێکخراوەکانی وەکو، پەیامنێرانی بێ سنور، ڕێکخراوی ئیمینستی ئەنتەرناشناڵ، هیومان ڕایتس ۆچ و کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان CPJ و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەسەلاتی ئەو هەرێمەدا ئاوێنەی ڕوداوە تراژیدیاکانن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان.
بۆیە لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی هەر دەستدرێژیەک بۆ سەر ڕۆژنامەنوسان پەنجەی گومان بەرەو دەزگا ئاسایشیە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕادەکێشرێت. ئەو دەزگایانە ئەگەر تاوانباری ڕاستەوخۆش نەبن و ئەنجامدەری تاوانەکان نەبن، ئەوا ڕێخۆشکەرو هاندەری تاوانن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان، لەبەرئەوەی لە دۆزینەوەی تاوانباران کەمتەرخەم و خەمسارد بون و خەمساردن. ئەگەر تاوانێکیش خۆیان ئەنجامدەری نەبن ئەوا ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینن.
شێوازی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەکتێکی پلان بۆ دانراو بووە و بە ووردی جێبەجێ کراوە و بێ بنەما نیە کە پەنجەی گومان بۆ دەزگا ئاسایشیەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەکێشرێت.
ڕێکخراوی کوردستان فۆروم لە بەلجیکا زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکات و داواکارە بە زووترین کات ڕاستیەکان بخرینە ژیر تیشکەوە. بۆئەوەی کەیسی کاوە گەرمیانیش وەکو کەیسی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی تری تیرۆرکراو بەلاڕێدا نەبرێت، پێویستە بکوژانی ئەو ڕۆژنامەنوسە و هاوکارانیان و ئەو دەستانەی لە پشتی ئەو تاوانەوە بون ئاشکرا بکرێن و بدرێنە دادگا و سزای یاسایی خۆیان بەسەردا بدرێت.
ئیمە وەکو ڕێکخراوێکی مەدەنی کوردستانی لە بەلجیکا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین سەرجەم دەزگاو کۆمیتە پەیوەستەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا و حکومەتی بەلجیکی و ڕیکخراوە ئینتەرناسیۆناڵەکانی بەرگریکار لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانی ڕادەربڕین لەو تاوانە ئاگادار بکەینەوەو داواتان لێ بکەین کە گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەو مەبەستەی کە ئەم تاوانەش وەکو تاوانەکانی تر پشتگوێ نەخرێت و بە خەمساردیەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکەن، بەڵکو تاوانبارانی ڕاستەقینە بدۆزنەوەو بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
ڕێکخراوی کوردستان فۆروم بەلجیکا
6-12-2003 برۆکسل
بۆ پەیوەندی :
پێشرەو ئیسماعیل عارف
0032497894232
kurdistanforum@hotmail.com