بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کوشتنی ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی کاوە گەرمیانی هەموومانی هەژاندەوە، کە شەوی 5-12-2013 لە کردەوەیەکی قێزەوندا درایە بەر دەستڕێژی گوللە.
گەرمیانی ئەنفال ڕوبەڕوی هەمان کۆستی سۆرانی کەرکووک و سەردەشتی هەولێر بویەوه و لە شەوێکی تۆفاناویدا ئەمجارەیان جەستەی کاوە پڕ بوو لە فیشەک و خوێن و نیشتمانیش بوو بە دەریایەک لافاوو گریان..
نەفرەت لە بکوژان و ئه و دەستە ڕەشانەی گەندەڵی کە نەیانتوانی مەردانە ڕوبەڕوی کاوە گەرمیانی ببنەوه و شەرەفمەندانە دان بە گەندەڵییە دزێوەکانی خۆیاندا بنێن و بۆ بێدەنگکردنی حەق فیشەکیان کردە خەڵاتی نەوەی نوێ..
زۆر بەداخەوە سیستمی میلیشیایی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆتە لانکەی جۆرە مشەخۆر و سەرکردەیەک کە باکیان نیە بە تاڵانکردنی وڵات و هیچ جۆرە ڕەخنه و فیکرێکی ئازادیان قبوڵ نیە. دیارە ئەگەر سیستمێکی حوکمڕانی و سیاسی تەندروست لەهەرێمی کوردستاندا هەبوایە دەمێک بوو دادگا ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرت و کاتێک کاوە ڕوبەڕوی هەڕەشەی کوشتن دەبۆوە لانیکەم بەدواداچونێکی جدی بۆ ئەم پرسە دەکراو لایەنی هەڕەشەکار سزای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرت..
وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم تاوانە بە مەترسی و شەرمەزارییەکی گەورە دەزانین چونکە ئەمجارەیان ڕوخساری بکەرەکان زۆر نامۆ نیه و بەدەنگ و ڕەنگی ئاشکراو لە ڕۆژی ڕوناکدا هەڕەشەی کوشتنی لە کاوە گەرمیانی کردووە، ئەمجارەیان کاوە دەبێتە سومبولی بەدیهێنانی دادوەری و ئەگەر ئه و دەستەی لە پشت کوشتنی کاوەوەیە سزا نەدرێت و ڕیسوا نەکرێت ئەوا سیستمی میلیشیا ئاسای حیزبەکانی کوردستان سەدان هێندەی تر ڕیسوا دەبێت و وەک دەسەڵاتێکی ستەمکاری گەنج کوژو دژە ئازادی دەناسرێت..
نەمری بۆ ڕۆحی کاوه و سەردەشت و سۆران و سەرجەم ئازادیخوازان..
سەرشۆڕی بۆ میلیشاو مرۆڤ کوژەکان..
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی /سلێمانی
6-12-2013