لەکاتێکدا، هێشتا خوێنی هەردوو ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان وشک نەبونەتەوە و هەموو لایەک چاوەڕێی ئاشکرا کردنی ئەنجامدەرانی ئەو دوو تیرۆرە بووین، کەچی جارێکی تر، بە تەحەدای دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکانی ئەم وڵاتەوە، خوێنی ڕۆژنامەنووسێکی تر حەڵاڵ ئەکرێت و بە ئاشکرا تیرۆر ئەکرێت..
ئێمەی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی شاری کفری، لەگەڵ بەتوندی ئیدانەکردنی ئەو کردە نامرۆڤانە و ناشەریفانەی تیرۆرکردنی هاوڕێ و هاوپیشەمان (کاوە گەرمیانی)دا، کە بە بەرچاوی دایکییەوە و لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەستی ڕەشی شەمشەمە کوێرانی دەگاتێ و شەهید دەکرێت، ئیدارەی گەرمیان و دەزگاکانی ئاسایش لە گەرمیاندا ئەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی بەپەلەی ئەنجامدەرانی ئەو کارەوە.
دادگاکانی گەرمیان و داواکاری گشتیش نابێت بێ دەربەست بن لەم تاوانەدا و بێدەنگی هەڵبژێرن، بەڵکو پێویستە ئەو سکاڵا و کەیسانەی ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو کە ئێستاش لە دادگایە و هەڕەشە لێکردنەکانی پێشتری، بکرێن بە بنەمای لێکۆڵینەوە..
داوا لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و هەموو هاووڵاتیانی هەر ناوچەیەکی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش ئەکەین، هاودەنگی خۆیان بە چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی بخەنە ڕوو و هەموو لایەک ڕوو لە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە بکات، کە هەرچی زووە، ئەو کەسانەی دەستیان چووە خوێنی کاوە گەرمیانی، بدۆزرێنەوە و بخرێنە بەردەم حوکمی قانون، چونکە ئەگەر ئەم کەیسە پەردەپۆش بکرێت، هیچ ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەستێکی تر دڵنیا نییە لەوەی لەبەرامبەر دەربڕینی هەر وشەیەکیدا، فیشەکێکی پێوە نەنرێت.
بە ئیمزای:
1-سامان کەریم
2-هێمن عەدنان
3-سەڵاح محەمەد
4-هەرێم جاف
5-ئیحسان مەلا فوئاد
6-عەلی فوئاد
7-خالید عەبدولکەریم
8-هونەر عەدنان
9-شوان جەلال
10-ڕۆڤان سەروەت
11-فاتیح سەلام
12-ڕفعەت محەمەد
13-تانیا سەعید
14-دیار جەمال
کفری
6-12-2013