شەوی ڕابردوو 05-12-2013 چەند چەکدارێک، ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، لە بەردەم ماڵەکەیدا تیرۆردەکەن. تیرۆری کاوە دوای ئەوە دێت کە ماوەیەک لەمەوبەر لەسەر ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکومەتو حیزبی دەسەڵاتدار لە ناوچەی گەرمیان، لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیەوە بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێدەکرێت.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم کردەوە تیرۆریستانەیە بەتوندی سەرکۆنەو شەرمەزاردەکەین، لە هەمان کاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبەرپرس دەزانین لە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و تەسلیم کردنیان بە داداگا، لەبەرئەوەی کە ئەو ناوچەیەی تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوە، بێجگەلەوەی کە یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەو حیزبە بە بەڵگەوە هەڕەشەی لە ناوبراو کردوە.
تیرۆری کاوە گەرمیانی ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی تیرۆرو کوشتن و هەڕەشەکردن کە بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە لە دژی هەڵسوڕاوانی سیاسی، کۆمۆنیست، ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کۆمەڵگا بەرێوەبراوە. لیستی تیرۆری ژێردەسەڵاتی دوو حیزبی بزوتنەوەی کوردایەتی ئاماژە بۆئەوە دەکات کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی ئەم دەسەڵاتە نایەکسانو گەندەڵەی بۆرژوازی کورد تیرۆرو کوشتنی نهێنی نەیارانی سیاسیو نارازیانی دەسەڵاتەکەیانو بێدەنگکردنی هەر دەنگێکە کە ڕەخنە لە دەسەڵاتو کارنامەی ڕەشیان بگرێت. هەربۆیە کەیسی کاوە گەرمیانی کەیسی هەموو خەڵکی نارازیو ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستانە دژ بە دەسەلاتی میلیشیایی سەرکوتگەرانەی حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە مل بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی یاساییو خاوەن سەڵاحیەت بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی کاوە گەرمیانی بەبەشداری نوێنەری بنەماڵەی کاوە گەرمیانیو نوێنەرانێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەو پرسانە، تاکو تاوانبارانی ئەم کەیسە بدۆزرێنەوە و دادگایی عادلانە بکرێن.
تاوانی تیرۆری کاوە گەرمیانی ئەو ڕاستیە چەندبارە دەسەلمێنێتەوە کە لەژێرسایەی دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازیدا ئاسایشو ئازادیو ئارامیو مافەکانو ژیانی خەڵک هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەو لەناوچووندایە. هەربۆیە نارەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی ئازادو دامەزراو لەسەر بەشداری و ئیرادەی ڕاستەوخۆو هوشیارانەی خەڵک زامنی بەدیهاتنی ئازادیو ئارامیو ژیانێکێ یەکسانو خۆشگوزەرانو دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی خەڵکە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان