پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواکۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو وەفدی دانوستانی یەکێتی و پارتی تاووتوێکرا کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ئەنجام درابوو. مەکتەبی سیاسی لەو بارەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستەکانی یەکێتی لەبارەی ئەو کەیسە کردەوەو کۆبوونەوە هاوبەشەکەشی بە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەو جدی و ڕاشکاوانە هەڵسەنگاند و ڕاسپاردەی پێویستیشی لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، دایە لیژنەی دانوستانی یەکێتی تا لەدرێژەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی تردا لەبەرچاو بگیرێن. هەروا کۆبوونەوە تەئکیدیشی کردەوە، کە یەکێتی ئیجابیانە مامەڵە لەگەڵ هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا ئەکات و لە ڕوانگەی هاوپەیمانی و دۆستایەتییەکانی و پەرۆشی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی هاوکاری جدی پرۆسەی دانوستانەکان ئەبێ.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ڕووداوی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی جوانەمەرگ کاوەگەرمیانی کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە شاری کەلار شەهیدکرا. لەوبارەوە مەکتەبی سیاسی بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسی جوانەمەرگی کرد و پرسەو سەرەخۆشی یەکێتی بۆ کەس وکارو هاوڕێ و هاوپیشەکانی ڕاگەیاند و تەواوی پشتیوانی خۆیشی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون ڕاگەیاند، کە ئێستا لەلایەن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتەوە ئەنجام ئەدرێ کە بەبڕیاری حکومەتی هەرێم پێکهێنراوەو هەڤاڵ عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆئەکا. هەر لەبارەی ئەو کەیسەوە مەکتەبی سیاسی
نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتی بەدواداچوونی میدیایی هێندێ لە کەناڵ و سایت و پەیجەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی نیشاندا، کە بێ هیچ بنەمایەکی بەڵگەدار ڕووی تاوانەکە ئاراستەی یەکێتی و هێندێ لە هەڤاڵانی ئەکرێن و ئەو تاوانە بە سیاسی ئەکەن و ئاراستەی لێکۆڵینەوەکانیش ئەشێوێنن و بەلاڕێدا ئەیبەن. لەو بارەوە مەکتەبی سیاسی وێڕای تەئکید کردنەوە لەسەر سیاسەتی نەگۆڕی پشتیوانی کردنی یەکێتی سەبارەت بە ئازادی ڕادەبڕین و ئازادی میدیا و میدیاکاران لە چوارچێوەی یاسادا، سەرنجی ئەو میدیاو میدکارانەی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە پابەندبن بە ئیتیک و پیشەیی بوونی کاری میدیایی، بە تایبەت سەبارەت بە کەیسی تاوانی لەو جۆرە. هاوکات تەئکیدیشی کردەوە کە یەکێتی مافی یاسایی بەرگریکردن لەخۆی لە بەرامبەر تۆمەتبارکردنی بێ بنەما و ناڕاست، بەرامبەر ئەو کەس و کەناڵانە ئەپارێزێ.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە کەیسی ئەمنی کەرکووک و کەیسی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکانی کوردستان لە دەرەوەی هەرێم. لەوبارەوە مەکتەبی سیاسی، وێڕای پرسەو سەرخۆشی بۆ قوربانیانی کردەوە تیرۆریستییەکەی کەرکووک، دەستخۆشی لە هەموو دامەزراوە ئەمنیەکانی کەرکووک و هەرێم و هەروا لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە کرد و سوپاسی هاوکاری و پشتیوانی خەڵکی کەرکووکی کرد لە کاتی ڕووداوەکە. هاوکات مەکتەبی سیاسی پشتیوانی خۆی لە ئیدارەی کەرکووک و لایەنە ئەمنیەکانی تەئکید کردەوەو ستایشی پێشکەوتنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەی کردو نیگەرانی قووڵی خۆیشی پیشاندا سەبارەت بەو شاڵاوەی لە ڕێی میدیاوە ئەکرێتە سەر پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی شارەکە، تەئکیدیشی کردەوە کە هاوئاهەنگی نێوان هێزە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچەکانی تری دەرەوەی هەرێم، مەرجێکی سەرەکی وگرنگ و پێویستی یەکڕیزییە، وەک چۆن هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان نەتەوەو ئاین و مەزهەب و لایەنە سیاسییەکانی تری کەرکووکیش پێویست و گرنگە.
هاوکات کۆبوونەوە بەدواداچوونی وردو هەمەلاینەی بۆ کەیسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد لە کەرکووک و پارێزگاکانی تری دەرەوەی هەرێم وسیاسەتی خۆی لەمەڕ پەیڕەوکردنی یەک هەڵوێستی لایەنە کوردستانیەکان تەئکید کردەوە.
07-12-2013