خەندان کامەران عەبدە ساڵح
هەرچەندە ناوەندو ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە پیاوان بەردەوامن لە نواندنی توندوتیژی دژ بە ڕەگەزی بەرامبەر، بەڵام تازەترین ئاماری یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئەوە دەخاتەڕوو، کە لەمساڵدا ڕێژەی توندوتیژی دژ بەپیاوان لە لایەن ژنانەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، 217 حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2008 دا 23 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە پیاوان هەبووە، ئه و ژمارەیە لە ساڵی 2009 دا بەرزبوەتەوە بۆ 59 حاڵەت، ساڵی 2010 ڕێژەکە گەیشتوەتە 86 حاڵەت، ساڵی 2011 ئاستی توندوتیژییەکانی سەر پیاوان بۆتە 111حاڵەت و، لە 2012یشدا 163 حاڵەت تۆمارکراوە.
یەکێتی پیاوانی کوردستان لە 27-03-2007 وەک یەکەمین ڕێکخراوی بەرگریکار لە مافەکانی پیاوان خۆی ڕاگەیاندو، لە 30-03-2009 مۆڵەتی کارکردنی وەرگرتووە.
عەلی سابیر شارەزای بواری پەروەردەیی، دەربارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی دژ بە هەردوو ڕەگەز، بۆ خەندان وتی: "سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێکە لە هۆکارەکانی چاندنی بیری توندوتیژی، چونکە منداڵ هەرلەوکاتەوە کە قوتابی پۆلی یەکەمی بنەڕەتییە، وا فێردەکرێت کەسێکی بێدەنگ و سەرداخراوو گوێڕایەڵ بێت بۆ مامۆستاکەی، ناچاردەکرێت هەرجۆرە توندوتیژییەکی ئەو، بەکارێکی باشە وەربگرێت".
بە بڕوای عەلی، لای ئێمە مامۆستا هەمیشە لە سەنگەری تۆڵەسەندنەوەدایە دژ به و خوێندکارەی فەرمانەکانی جێبەجێ ناکات.
عەلی سابیر دەڵێت: "بەر لە هەمووشتێک ئێمە لەم کۆمەڵگەیەدا پێویستمان بە پەروەردەیەکی تازە هەیە، هەر لە خێزانەوە بۆ تەواوی پنتەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بەتایبەت بەرامبەر فەلسەفەی پەروەردە بەهەموو شێوازەکانی، کە تیایدا بەهاو یەکسانیی ڕەگەز لە پەروەردەدا ڕەنگبداتەوە، ڕێزی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بگرێت".
عەلی سابیر وتیشی: "ئاشکرایە کە لە قوتابخانە وانەیەکی ئەوتۆ بەگوێی قوتابیدا نادرێت کە باس لە مامەڵەکردنی مرۆڤ بکات لە ژیانی ڕۆژانەیدا، هەرچەندە بۆ کچان وانەیەک هەیە بەناوی (ماڵداری)، بەڵام ئەم وانەیەش وابەستەیە بە ماڵەوە نەک بە ڕێوشوێنی کۆمەڵگه و گۆڕینی ئه و سیستمەی لەکۆمەڵدا هەیە".
ئه و وایدەبینێت: تائێستا کورد نەیتوانیوە بە ئەندازەی پێویست کار لەسەر پڕۆژەی پەروەردەی خۆی و کەلتوورو بنەما کۆمەڵایەتییەکان بکات، بەتایبەت گەر ورد بینەوە دەردەکەوێت سیستەمی پەروەردەی ئێستا هەمان ئه و سیستەمەیە کە لەسەردەمی بەعسدا کاری پێدەکرا، جگە لەوەی کەمێک دەستکاری لاوەکی تێدا کراوە، بنەمایەکی زانستییانەی تێدا نابینرێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ساغ و تەندروست.
وەک چارەسەرێکی سەرەتاییش پێشنیاردەکات، وەزارەتی پەروەردە چەندین نامیلکه و چیرۆکەهەواڵ کە باس لە سلبییاتەکانی جۆرەکانی توندوتیژی دەکەن چاپ بکات، لە ڕێی خوێندنگەکانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشیان بکات.
هەر لەمبارەیەوە، سلێمان بیتوێنی، هەڵسوراوی بواری مافەکانی مرۆڤ، بۆ خەندان دواو، بەپێویستی زانی پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، هەندێک یاسا بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەربکات و بەشێک له و کێشانە سنووردار بکات، چونکە ڕۆژانە لە ڕێگەی نووسینگەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، هاوڵاتییان کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکەن، دەکرێت بیرۆکەی پڕۆژەیاسا له و کێشانە وەربگیرێت.
بە وتەی ئه و چالاکەوانە، لە ڕابردوودا پەرلەمانی کوردستان ڕۆڵێکی باشی هەبووە لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، وەک پەسەندکردنی پێشینەی هاوسەرگیریی و پڕۆژەی قەرزی بچوک و ئه و پڕۆژانەی خزمەت بەگەنجان دەکەن.
- 08-12-2013