بەهۆی باشبوونی گوزەرانی بەشێک خەڵکی هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر کڕینی خشڵ و زێڕ زیاد دەکات و لە ئێستادا گەیشتووەتە ڕادەیەک کە ژنانی کورد دەیانەوێت جگە لە دەست و ملیان قاچیشیان بە زێڕ بڕازێننەوە، زەڕنگەرانی #هەولێر#یش ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئێستادا خواست لەسەر پێڵاوی زێڕ زۆر زیاد بووە و پیاوانیش خەنجەر و دەمانچە لە زێڕ هەڵدەکێشن.
بەیار ئەکرەم، زەڕنگەر لە شاری هەولێر دەڵێت: ئێستا ملوانکەی گرانبەها درووست دەکەین کە کێشی لە 30 مسقاڵەوە دەستپێدەکات تا 60 سقاڵ، بازن درووست دەکەین کە کێشی 15 مسقاڵە و نرخی چوار هەزار و 500 دۆلارە، پاشان ملوانکەی پان درووست دەکرێت کە ئێستا خواستی زۆر لەسەرە و لە هیندستانەوە بۆیان دێت، چونکە لێرە ناتوانین درووستی بکەین و وردەکاری زۆری تێدایە و نرخی 10 هەزار دۆلارە، گۆ بەرۆک و پشتێنی ژنانیش نرخیان لە سەروو 10 هەزار دۆلارە و خواستی زۆری لەسەرە.
بە وتەی ئەو زەڕنگەرە، ئێستا خواست لەسەر پێڵاو لەلایەن ژنانەوە زیادی کردووە، لەو ڕووەوە دەڵێت: تازەترین پارچە زێڕ کە ئێستا مۆدێلە و خواستی لەسەرە و خۆمان درووستی دەکەین، پڵاوی ژنانە کە 40 مسقاڵ زێڕی تیادا بەکار هاتووە و نرخەکەی 18 هەزار و 500 دۆلارە.
لای خۆیەوە دیار عەزیز، زەڕنگەر لە بازاڕی شاری هەولێر دەڵێت: بەشێک لە ماڵە ئاغاکان دێن و دەمانچە و کڵاشینکۆف و خەنجەریشیان بۆ ئاو زێڕ دەکەین، نرخەکەشی بەپێی داواکارییەکەیە ئایا دەیەوێت تێچووی زۆر بێت یان نا، بەڵام بە گشتی ئاوزێڕکردنی خەنجەر 1000 دۆلار تا 40 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 96 تەن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، کە 58 تەن و 847 کیلۆی لە بازاڕەکانی #سلێمانی# ساغ کراوەتەوە و 38 تەن و 814 کیلۆ لە شاری هەولێر و یەک تەن و 671 کیلۆی لە بازاڕەکانی #دهۆک# ساغ کراوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لەو زێڕە بۆ پارێزگاکانی خواروی ئێراق دەڕوات.
09-12-2013