بەناوی خوای گەورەو میهرەبانەوە
خەڵکی ئازادی خواز مامۆستایان و خوێندکاران و ڕۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان من کە شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی دەستێکی تاریک و ترسنۆک هاوسەرەکەمی کاوە گەرمیانی تیرۆر کرد لە بەرچاوی دایکیدا و ژیانی منی بۆ هەتا هەتایی بەرەو تاریکی و تەنهای برد، من کە لە ناڵەی خۆمدا دەنگم خامۆشە تەنها ئومێدم ئێوەیەو تخوا بێدەنگ مەبن و حەقی کاوەم بۆ وەرگرن چونکە کاوە لە پێش چاوی دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی ئەم ناوچەیەوە شەهید کرا، کاوەی من شەهیدی قەڵەم و حەق و ڕاستیە داوا لە ئێوەی ئازادی خواز دەکەم گەر حەق و ڕاستیتان ئەوێت بێدەنگ مەبن چونکە من هیچ ئومێێکم بەدەسنەڵاتی کوردی نیە چونکە دەستەڵات خودی خۆی بەرپرسە لە کوشتنی کاوە، کاوەی من کە 250 دیناری حەرامی نەخواردووە بۆ یەک ساڵی زەواجمان لە نێو یەک خانوی کرێدا بەسەر برد گەر کاوە پارەی قوت بدایەو خاوەنی ڤێلاو سەیارە بوایە ئەوا لە دژی قەڵەمە ئازاکەی لە پێش چاومانداو لە حەوشەداو لەبەر دڵی پیرۆزی دایکیدا ئەو هەموو فیشەکەیان پێوەناو ئەنجام من لەبەر گڕی دەروونم ئەو هەموو خوێنەی کاوە لە ئەرزەکەدا بخۆمەوە.
خەڵکانی ئازادی خواز من کە بێ دایک و باوکم و باوکم و کەسوکارەکەم زۆریان ئەنفالە ئەم حکومەتە کوردیەش کە بەخوێنی شەهید و ئەنفالەکان دروست بوو بەڵام ئەوا لە ژێر ئەم دەستەڵاتەدا دیسان ئەنفال و شەهید دەکرێینەوە، من کە بێ دایک و باوک بوم و کاوەش بەبێ باوکی گەورەبووە ئەوا دیسان مناڵەکەشمان بەبێ باوکی گەورە دەبێت کە هێشتا 15 ڕۆژی ماوە بێتە دنیاوە کاوە زۆر تامەزرۆی بینینی بوو بەدوای ناوا دەگەڕا بۆی بەڵام ئەو دەستە تاریکە هەموو هیواکانی لە لەحزەیەکدا فەنا کرد، دەستێک کە خواو ئاسمان و دڵی زەمینیش بەلایەوە ئەرزشێکی نیە دەستەڵاتێک کە دڵی دایک بەلایەوە لە یاری مناڵان دەچێت ئەو کاتەی کوڕەکەی بەبەرچاویدا کوڕەکەی بەخوێنێ ڕەنگ دەکات کە ڕەنگەکەی دەچێتە سەروی سورەوە من کەدایک و باوکم نەبوو کاوە هەمووکەسم بوو بەڵام ئەم دەستە تاریکانە جگە لە تاریکی هیچیان پێنیە بۆ مرۆڤایەتی.
مافی مروڤ و دیموکراسی درۆیەکی گەورەی ئەم دەستەڵاتەیەو کاتێک لە پێش چاوی ئەو هەموو دەزگای پۆلیس و ئاسایشانەوە و بەبێ دەمامک کاوەی من تیرۆر دەکەن و بۆیان نادۆزرێتەوە بەڵام بکوژی کەسێکی ئاسایی لەسەعاتێکدا دەدۆزرێتەوە ئەمە چ درۆیەکی گەورەیە تکایە بێدەنگ مەبن.
جا داوا لە ئێوەی خوێندکارو مامۆستایانی زانکۆو ئازادی خوازان دەکەم بێدەنگ مەبن و خوێنی کاوەکەم بۆ وەرگرنەوە، چونکە ئێمە دادگاو دەستەڵاتمان نیە ژیانی منیان تاریک کرد ئێوە بێدەنگ مەبن لە خوێنی کاوە بۆئەوەی ئێوەش لە داهاتوودا تاریک نەکرێن و خوشکەکانی ئێوەش وەک و من مناڵەکانیان لە بێ باوک نەکرێن بەر لە هاتنە دنیایان سوپاسی هەڵوێست و دەنگتان دەکەم.
خوشکتان شیرین ئەمین.
هاوسەری کاوە گەرمیانی
09-12-2013