خەندان کامەران عەبدە ساڵح
بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی ناوخۆی هەرێم، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەمیکردووە، شارەزایانی ئه و بوارەش، هۆکارەکەی بۆ نالەباری کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
عەلی حەمە ڕەسوڵ، هەنگەوانی نمونەیی و، بەرپرسی پێشووی هەنگ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پشدەر، بە خەندان-ی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە کۆتایی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ئاستی بارانبارین وەک پێویست نەبوو، گوڵ نەیتوانی شیلە دەربکات، لە ئەنجامدا بەرهەمی هەنگوین تا ئاستێکی چاوەڕواننەکراو کەمیکرد.
وتیشی: "بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکانی قەزای پشدەر، بەڕێژەی لەسەدا 80 بەرهەمی هەنگوین کەمیکردووە، بەشێوەیەکی گشتی لەتەواوی هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشی نیە".
عەلی حەمە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشدا، لەساڵی 2008-ەوە ڕووپێوی بۆ ژمارەی هەنگەوانانی هەرێم نەکراوە، لەبەرئەوە تائێستاش پشت بەئاماری ئەوساڵە دەبەسترێت، لەکاتێکدا پێویستە ساڵانە ڕووپێوی بۆ هەنگەکان بکرێت، تا بتوانرێت بەوردی ئاگاداری هەڵکشان و دابەزینی بەرهەمی هەنگوین بکرێت.
بەپێی بەدواداچوونێکی خەندان، باشترین کات بۆ وادەی ڕووپێوکردنی ساڵانەی کەرتی هەنگەوانی هەرێم، مانگی تشرینی یەکەمە، چونکە له و مانگەدا ماڵە ڕەوەندەکانیش لە کوێستانەکانەوە دەگەڕێنەوە ئاواییەکان و دەتوانرێت ژمارەی وردی هەنگەوانان بەدەستبهێنرێت.
هەر لەمبارەیەوە، شێخ حەمە حسێن، هەنگەوان لە گوندی بەستە –ی سەرسنوو، بۆ خەندان ڕوونیکردەوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو هەر پورەهەنگێک 7-11کیلۆگرام هەنگوین بەرهەمی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ هیچ پورەهەنگێک لە 3 کیلۆگرام زیاتر بەرهەمی نەبووە.
باسی ئەوەشی کرد، کە ژمارەیەکی زۆر کورەی هەنگ لەقەزای پشدەردا هەیە، هەنگوینی بناری قەندیلیش بەیەکێک لەباشترین جۆری هەنگوینی کوردستان دادەنرێت، بەڵام ڕۆژانە بەشێوەیەکی نایاسایی لەڕێگەی سنوورەکانەوە کورەی هەنگی ئێرانی دەهێندرێتە ناوچەکەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی هەنگ.
داواکاریش بوو لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بەمەبەستی بەرگرتن لەبڵاوبونەوەی نەخۆشییەکانی هەنگ، پێداویستییەکانی تایبەت بەهەنگ بۆ هەنگەوانان دابینبکات.
- 10-12-2013