هەر لەسەرەتاوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕوای بەوە هەبووە کە لە کەرکووک و ناوچەکانی تری کوردستان کە لەدەرەوەی هەرێمن، لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی عیراق بکەن. ئەم هەڵوێستەی یەکێتیش لە پێناوی پاراستن و قوڵکردنەوەو بەرجەستەکردنی یەکڕیزی گەلەکەمان لەو ناوچانەدا، هەموو ئاماژەکانیش لەو بارەوە پشتیوانی هاووڵاتیانی کورد و پەرۆشانی تر لە نەتەوەو ئاین و مەزهەبە جیاجیاکان لە کەرکووک و ناوچەکانی تر، زۆرتر هانی ئەداین کە لە پێکهێنانی لیستێکی هاوبەشی کوردستانیدا دەستپێشخەر و بە پەرۆش بین.
لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی یەکیێتیمان لە کەرکووک و ناوچەکانی تر ڕاسپارد کە بۆ وەدیهێنانی یەک لیستی کوردستانی دەستپێشخەر و کارا بن. دواتر هاودەنگیێکی باشمان لەلایەن حزبەکانی ترەوە هەست پێکرد و بەو جۆرە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لیستی کەرکووکی کوردستانی بە بەشداری و ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو لایەنەکان ڕاگەێندراو ئەمەش بووە هۆی دڵخۆشی هاووڵاتیانی کوردستان و بەشێوەی جۆراوجۆر هاووڵاتیان شادمانی و پشتیوانی خۆیان بۆ لیستە هاوبەشەکە دەربڕی و وەک دەسکەوتێک درایە قەڵەم. کۆبوونەوەی نوێنەری حزبەکانی کوردستان لە کەرکووک لەسەر هەموو وردەکارییەکانی یەک لیستییەکە ڕێکەوتبوون.بەڵام بە داخەوە دوای بیست و چوار سعات لە ڕاگەیاندنی لیستە هاوبەشەکە، بەهۆی نارازیبوونیان لەسەر ناوی سەرۆکی لیست، کشانەوە.
هاووڵاتیانی تێکۆشەری کەرکووک و کوردستان
هەموو لایەک ئەو ڕاستیە ئەزانن، کە بە حسابی دەنگ و کورسی یەکێتی لە کەرکووکدا هێزی یەکەم و زۆرینەیە، بەڵام هەرگیز لەبەرامبەر وەدیهێنانی یەکڕیزی گەلەکەمان لە کەرکووک حسابی زۆرینەو کەمینەمان نەکردووەو بێ دوودڵی لایەنگری ئەوەبووین کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بین و بە بەرجەستەکردنی یەکڕیزی گەلەکەمان دەسکەوت و دواجار سەرکەوتنێکی کوردستانیانە لە کرکوک وەدیبێنین، بە تایبەت کە هەستیاری دۆخ و ئایندەی کەرکووک بەسەر هەمووماندا ئەسەپێنێ کە بەرژەوەندییەکانی تەسکی حزبایەتی وەلا بنێنین و کۆسپەکانی بەردەم یەکڕیزی نەهێڵین و یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین.
ئێستا، کە ئەو لایەنە بەڕێزانە هەڵوێستێکی پێچەوانەی یەکڕیزیان گرتەبەر و لیستە هاوبەشەکەیان هەڵوەشاندەوە، ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وێڕای نیگەرانیمان لەو هەڵوێستە، بۆ خەڵکی کوردستان و کەرکووکییەکان تەئکید ئەکەینەوە، کە سەرەڕای ئەو هەڵوێستەش ئێمە لەسەر سیاسەتی ڕاستی خۆمان لەبارەی یەک لیستی لایەنە کوردستانییەکان بەردەوامین و پێشمان وایە، کە ئەرکی کوردستانییانەمان داوا لە هەموو لایەکمان ئەکا، کە بە توندی دەست بە یەک لیستییەکەوە بگرین. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە داوا لەو لایەنە بەڕێزانە ئەکەین لە سۆنگەی پەرۆش بوون بۆ یەکڕیزی و یەکلیستی بەو بڕیارەی خۆیاندا بچنەوە.
دواجار ئەبێ ئەو ڕاستیە تەئکید بکەینەوە، کە ئۆباڵی هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکووکی کوردستانی ناکەوێتە ئەستۆی یەکێتی و هەر بۆیەش دیسانەوە بانگی برایانمان لە لایەنە کوردستانییەکان ئەکەین کە دەرفەتی یەکلیستی لەدەست نەدەین و بەرژەوەندییە حزبییەکانمان بکەینە قوربانی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کەرکووک.
10-12-2013