خەندان - ڕاماڵ قەسرەیی
بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر کاروچالاکیەکانی ماوەی (11) مانگی ڕابردووی خستەروو.
بەپێی زانیاریەکانی ئه و بەرێوەبەرایەتیە ناوچەی باڵەکایەتی لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەمەترسیدارترین ناوچە دادەنرێت و زۆرترین کێڵگەی مین ڕێژکراوی لێیە.
زێبار خالید بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر بەخەندانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو مانگی (11)ی ئەمساڵ تیمەکانی مین هەڵگرەوە سەر بە بەرێوەبەرایەتیەکەمان توانیویانە (11) کێڵگەی مین ڕێژکراو بەتەواوی پاک بکەنەوە کە ڕووبەرەکەیان دەگاتە (503.980)م2 له و ڕووبەرەش (1950) مینی جۆراو جۆر و (6383) پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەی جۆرا و جۆر لەناوبراون لەگەڵ پوچەڵکردنەوەی (388) مینی دژە کەسی.
وتیشی: ڕووبەری گشتی پاککراوە دەگاتە (546.043)م2.
لەگەڵ ئەمانەشدا (10) خولی ڕاهێنان لەبوارە جیاوازەکانی مینلابەری بنچینیەیی، ڕووپێوی، دڵنیایی جۆری، هۆشیارکردنەوە لە مین، یاریدەدەری پزیشکی ئەنجامدراون.
زێبار خالید وتیشی: بەپێی دواین ئامار لەسەرەتای ئەم ساڵ تاکو ئێستا لەسنوری پارێزگای هەولێر (10) ڕووداوی مین و تەقەمەنی ڕوویانداون کە بەوهۆیەوە (11) کەس بوونەتە قوربانی، لەکۆی ئەم ڕێژەیەش (3) کەس گیانیان لەدەستداوە و (8)کەسیش کەمئەندام بوون و بەشێکی جەستەیان پەڕیوە.
دەشڵێت: زۆربەی ڕووداوەکان لە ناوچەی باڵەکایەتی تۆمارکراون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە: (5) کۆمپانیایی کەرتی تایبەت لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان لە سنوری پارێزگای هەولێر لە (5) پرۆژە لە (20) کێلگەی مین کاری پاکسازی ئەنجام دەدەن.
راشیگەیاند: بەپێی دواین ڕووپێوی ئامادەکاری تەکنیکی لەسنوری پارێزگای هەولێر (337) ناوچەی گومان لێکراو بەمەترسی مین بوونی هەیە، کەرووبەری گشتی دەگاتە (333.1)کم2، لەسنوری قەزای چۆمان بەسەنتەری قەزاو هەرچوار ناحیەکەیەوە، (165) ناوچە هەیە.
هەروەها لەسنوری قەزای سۆران و ڕواندزیش بە سەنتەری قەزاو ناحیەکانیەوە (100) ناوچە هەیە لە سنوری قەزای مێرگەسۆریش بەناحیەکانیشیەوە (40) ناوچە هەیە، هەروەها لەسنوری پارێزگای هەولێر جگە له و قەزایانە لە هەریەکە لە قەزاکانی شەقلاوە، کۆیە، مەخموریش ناوچەی گومانلێکراو بە مەترسی مین هەیە.
- 11-12-2013