خەندان ڕەهێل سەمەد
لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ساڵی 2013 لە بواری مافی مرۆڤ، دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئامارەکانی توندوتیژی دژ بەژنان لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بڵاو دەکاتەوە، بەگوێرەی ئه و ڕاپۆرتە لە ماوەی ئەمساڵدا 347 ژن بەرووداوی کوشتن و سوتان لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە، لەبەرامبەردا سێ هەزار و 648 سکاڵا تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئه و ڕاپۆرتە کە کۆپیەکی بۆ (خەندان) نێردراوە، لەماوەی ساڵی 2013 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 38 ژن کوژراون (24 هەولێر، 4 سلێمانی، 3 گەرمیان، 5 دهۆک، 2 ڕاپەرین).
هاوکات له و ماوەیەدا 24 ژن خۆیان کوشتوە (13هەولێر، 6 سلێمانی، 5 گەرمیان)، هەروەها 184 ژن سوتاون (81 هەولێر، 48 سلێمانی، 14 گەرمیان، 21 دهۆک، 22 ڕاپەڕین) هەر لەمساڵدا 101 خۆیان سوتاندوە (40 هەولێر، 16 سلێمانی، 8 گەرمیان، 29 دهۆک، 8 ڕاپەرین).
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەمساڵدا 286 تووندوتیژی سێکسی بەرامبەر ژنان کراوە (172هەولێر،61 سلێمانی، 2 گەرمیان، 20 دهۆک، 31 ڕاپەرین).
هاوکات سێ هەزار و 648 سکاڵا لەلایەن ژنانەوە لەسەر کەسوکارەکانیان تۆمار کراوە (هەزار و 199هەولێر، 851 سلێمانی، 344 گەرمیان، 900 دهۆک، 354 ڕاپەڕین).
- 11-12-2013