خەندان – ڕەهێڵ سەمەد
بەگوێرەی دواین ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و وەزارەتی ڕۆشنبیری 929 دەزگای ڕاگەیاندنی نوسراو و بیستراو بینراو لە هەرێمی کوردستاندا متمانەیان پێدراوە، بێجگە لە ماڵپەڕە ئەلەکترۆنییەکان و، زیاتر لە شەش هەزار کەسیش ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانن.
بەگوێرەی ئه و ئامارانەی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە دەست خەندان کەوتوون، لە دوای ساڵی (1991 تا 2013) لە هەرێمی کوردستاندا (712) بڵاوکراوە (میدیای نوسراو) متمانەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیان پێدراوە، هاوکات 247 دەزگای میدیای بینراو و بیستراو لە وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتیان وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، زۆرترین ڕێژەی میدیا لە سنووری پارێزگای هەولێردایە و دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی و دواتر پارێزگای دهۆک دێت.
لە هەرێمی کوردستاندا 712 بڵاوکراوە مۆڵەتیان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە کە پێکدێن لە (204) ڕۆژنامە و (508) گۆڤار کە (326) بڵاوکراوە لە هەولێر و (251) لە سلێمانی و (94) لە دهۆک و (34) لە کەرکووک و (7) لە نەینەوا دەردەچن. له و بڵاوکراوانە 11یان ڕۆژانەن و 87یان هەفتانە 95 یان مانگی دووجار و 325یان مانگانە و 17 یان دوومانگ جارێک و 168یان وەرزی و 7یان ساڵانە و 2 دانە شەش مانگ جارێک دەردەچن.
بەگوێرەی ئامارەکە 37 کەس لە ڕەگەزی مێ و 529 کەس لە ڕەگەزی نێر خاوەن ئیمتیازی ئه و بڵاوکراوانەن، 146 بڵاوکراوەی تر حزب و ڕێکخراو و سەنتەرەکان وەک خاوەن ئیمتیاز ناویان هاتووە. هەروەک 56 ڕۆژنامەنووسی مێ و 656 ڕۆژنامەنووسی نێر وەک سەرنووسەری ئه و بڵاوکراوانە تۆمارکراون. ئامارەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان دەریدەخات لە هەرێمی کوردستان 6420 ڕۆژنامەنووس هەن کە 1100یان ڕۆژنامەنووسی مێن.
دوائاماری وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تائێستا 247 کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و ئاسمانی و ڕادیۆ مۆڵەتیان وەرگرتووە کە 73 تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و 138 ڕادیۆ و 36 کەناڵی ئاسمانین. لە 73 کەناڵە ناوخۆییەکان 50یان لە سنووری هەولێر و 18یان لە سنووری سلێمانی و پێنجیان لە سنووری دهۆک پەخش دەکەن، لە 138 ڕادیۆکەش 69یان لە سنووری هەولێر و 39یان لە سنووری سلێمانی و 30یان لە سنووری دهۆکدا پەخش دەکەن.
لە 36 کەناڵە ئاسمانییەکەش 22یان لە سنووری هەولێر و 9یان لە سنووری سلێمانی و پێنجیان لە سنووری دهۆک پەخش دەکەن.
سەبارەت بە ژمارەی ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانیش کە لە کاتی ئێستادا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە خێراترین کات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕایگەیاند: لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆبەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕەکان هەیە، بەڵام لە بەرچەند هۆکارێک تاکو ئێستا ئه و هۆبەیە دەستبەکار نەبووە. سەرچاوەکە هۆکاری دەستبەکارنەبوونی ئه و هۆبەیەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یاسایەکی تایبەت و ئامارێکی ڕاست و دروست لەسەر ماڵپەڕەکان.
هاوکات حەمید بەدرخان ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: تائێستا 712 گۆڤار و ڕۆژنامە بە هەموو زمانەکان لە هەرێمی کوردستان متمانەیان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەرگرتووە، له و ژمارەیە تەنها نزیکەی 93 بڵاوکراوە بەشێوەیەکی ڕەسمی دەردەچن. حەمید بەدرخان وتی: "بەگوێرەی بڕیارێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەر بڵاوکراوەیەک گۆڤار یان ڕۆژنامە بێت، سێ مانگ لەسەر یەک بڵاوکراوەکەی دەرنەکات، سەندیکا متمانەی لێوەردەگرێتەوە و ڕێگای پێنادات دەربچێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە گۆڤاری (الصحفی) کە لە لەیەلان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بە عەرەبی دەردەچێت ژمارە (1)ی متمانەی وەرگرتووە و (گۆڤاری قەڵەم)یش بە ژمارە 712 دوا متمانەی پێدراوە.
سەبارەت بە ژمارەی ڕۆژنامەنووسان، ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وتی: "لەکاتی ئێستادا 6 هەزار و 420 ڕۆژنامەنووس لە سەندیکا تۆمارکراون". ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە ئاگادارین لەوەی بەشێک له و ژمارەیە کاری ڕۆژنامەنووسی ناکەن و ڕۆژنامەنووس نین، هەندێکیشیان ئابوونە نادەن بە سەندیکا، بۆیە سەندیکا بڕیاری داوە ئەوانەی تاکو کۆتایی ئەمساڵ ئابوونە نەدەن، ئەندامێتییان هەڵبپەسێرێت".
دوای پەسەندکردنی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی کاری ڕۆژنامەنوسی لە هەریمی کوردستان سەندیکای ڕۆژنامەنوسان متمانە بە بڵاوکراوەکان دەدات، ئەمە لەکاتێکدا پێشتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتیان وەردەگرت. هاوکات دوای بڕینی بودجەی هەندێک لە بڵاوکراوەکان و داخستنی هەندێکی تریان لەلایەن دەزگاگاکان خۆیانەوە، لەکاتی ئێستادا بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ڕاگیراون، ئەمە لەکاتێدا ژمارەی متمانەیان لە سەندیکا هەرماوە.
- 16-12-2013