وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی کورد لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عیراق بۆ سەدا دوو کەم بوەتەوە، بەغداش 15 ترلیۆن دینار قەرزاری پێشمەرگەیە.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ دەڵێت: "هەرێمی کوردستان بەنیازە 22 لیوای پێشمەرگە دابمەزرێنێت و ئێستا 13 یان تەواوبوون، بە گشتی لیواکان 160 هەزار پێشمەرگە لەخۆ دەگرن".
هەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو دەکات کە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ڕووداوەکانی پێش ساڵی 1998 ئه و هێزە سەر بەحزبەکان بوون و هێشتاش بەشێکیان له و چوارچێوەیەدان.
پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە ساڵی 2010 ە وە دەستیپێکردووە، لە کۆتایی ئەمساڵدا 13 لیوای تەواودەبێت و کۆتایی پڕۆسەکەش بەپێکهێنانی 22 لیوای یەکگرتووی پێشمەرگە کە 20 یان پیادە و دوو لیوای پشتیوانی پێکدێت.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "بەهۆی توانای دیاریکراوی ماڵی وەزارەت و نەبوونی سەربازگەی، پێویست پڕۆسەی یەکسختنەوەی پێشمەرگە دوا دەکەوێت و بە خێرایی ناچێتە پێشەوە".
یاوەر له و بارەیەوە وتی: "ساڵانە حکومەتی هەرێم لە ڕێی بڕینی بەشێک لە بودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکدەهێنێت، ئه و بودجەیەش نیوەی پێداویستییەکانی ئێمە دابین ناکات".
لە بارەی ژمارەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: "ئێستا ژمارەیان دەگاتە 120 هەزار کەس، بێجگە لە 40 هەزار پێشمەرگەی دیکە کە هێزی یەدەگن، هەروەها 40 هەزار پێشمەرگەی خانەنشین، کۆی گشتی دەگاتە دوو سەد هەزار کەس".
ئەگەرچی ساڵی 2007 بودجەی گشتیی عیراق بە بڕگەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عیراق و دەبێت لە بودجەی سیادی بودجەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئه و بڕگەیە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە دەستووری عیراق کە ساڵی 2005 لە ڕاپرسییەکی گشتیدا لە لایەن عیراقییەکانەوە پەسەند کرا، پێشمەرگە بە هێزێکی یاسایی و دەستووریی دەناسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، یاداشتی لێک تێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق هەیە کە ژمارەی هێزەکانیان 120 هەزار کەس بێ بۆ ئەوەی هەرێم بە باشی بپارێزن لە مەترسییەکانی تیرۆر بەهۆی نزیکیی هەرێم لە چەند پارێزگایەکی جێ مەترسیی عیراق.
جەبار یاوەر ئەوەش ڕەتدەکاتەوە، وەزارەتەکەی یان حکومەتی هەرێم گرێبەستی کڕینی چەکی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا هەبێ، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی بودجە کە ئه و جۆرە گرێبەستانە پێویستییەتی. ئەوەش دەڵێ، ئه و چەک و تفاقەشی کە لەلای هێزەکانیاندا هەیە بەشێکیان هی هێزی پێشمەرگەن لەپێش ڕاپەڕینی 1991 و بەشێکیشیان پاشماوەی ئه و چەکانەیە کە لەپڕۆسەی ڕزگارکردنی عیراق ساڵی 2003 لە فەیلەقە گەورەکانی یەک و دوو و پێنجی سوپای عیراق دەستیان بەسەرداگرتوون.
جەبار یاوەر باس لەکۆنیی ئه و چەکانە دەکات و دەڵێت: "بەهۆی زۆریی تەمەنییانەوە لە چەند کارگەیەکی بچووکی وەزارەتەکەی چاکدەکرێنەوە و بۆیە دەکرێن و ئیدی وەک چەکی نوێ دەردەکەون، چەند جۆرە چەکێکی وەکو تانکیT 55 و T 62 و تۆپی 122 ملیم و 37 ملیمی دژە ئاسمانیمان هەیە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە توندی ڕەخنە لە بەرپرسانی عیراق و بەدیاریکراوی وەزارەتی بەرگریی دەگرێت لە پێنەدانی بەشە بودجەی هێزی پێشمەرگە و دەڵێت: "لە ساڵی 2007 ە وە هیچ بڕە بودجەیەکیان لە عیراق وەرنەگرتووە کە دەگاتە 13 تریلیۆن دینار، پێشمەرگە کە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عیراق لە ساڵی 2004ەوە کە بودجە بۆ عیراق تەرخاندەکرێ تا 2013 بڕی 13 تریلیۆن دینار پشکی پێشمەرگەیە له و بودجەیە، ئەگەر هی ساڵی 2014شی بخرێتە سەر دەکاتە 15 تریلیۆن دینار کە هیچی بە پێشمەرگە نەدراوە."
لەبارەی داوەتنامە ڕەسمییەکەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەس - ناتۆ بۆ وەزارەتەکەی لە 14 و 15ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، جەبار یاوەر دەڵێ، هێزەکانی ناتۆ دەیانەوێ لەساڵی ئایندەوە بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی عیراق بگەڕێنەوە بۆعیراق. بەرپرسانی ناتۆ بەڵێنی هەوڵدان بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستانیشیان داوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەنێویاندا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم چەندین جار باسیان لە کەمیی ڕێژەی کورد لەنێو هێزەکانی عیراق و بەتایبەت سوپاکەی کردووە، جەبار یاوەر لەمبارەیەوە دەڵێ، بەپێی مادەی 9 ی دەستوور، دەبێ سوپای عیراق و هێزەکانی دیکە لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و تایفییەکانی بەپێی ڕێژەیان لە دانیشتوانی وڵات پێکبێت، بەڵام ئەوە جێبەجێ نەکراوە.
یاوەر باس لەوە دەکا ئەگەرچی کورد زیاتر لە 20%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنن و 17%ی بودجەی عیراقی هەیە، بەڵام ڕێژەی کورد زۆر له و ڕێژانە کەمترە: "لە دوای ساڵی 2007 ڕێژەی کورد لەنێو سوپای عیراق کەم دەبێتەوە، له و ساڵە ڕێژەکە 7% بوو، ئێستا لەسنووری 2%ە و ساڵ دوای ساڵیش کەمتر دەبێتەوە."
هەروەها یاوەر ڕایگەیاند: لە هەندێک دەزگای دیکەی سەربازیی دا، ڕێژەی کورد سفرە.
یاوەر زیاتر وتی: "لە هەموو ئه و گرێبەستە گەورانەی عیراق بۆ کڕینی چەک و کەلوپەلی سەربازیی دەیانکا، هەرێمی کوردستان هیچ پشکێکی تێدا نییە، بە پێی یاداشتی لێک تێگەیشتنی نێوان هەردوولا، حکومەتی هەرێم نابێ فڕۆکەی جەنگی هەبێ، تەنیا دەتوانێ کۆپتەر بۆ گواستنەوەی نەخۆش و بریندار و خەڵکی مەدەنی هەبێ."
فەریق جەبار یاوەر لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، ڕەتی دەکاتەوە لەساڵی نوێوە پاراستنی ناوشاری کەرکووک بدرێتە هێزی پێشمەرگە، هەرچەندە هێزیان لەهەموو ئه و ناوچانەی پێیان دەگوترێ "جێ ناکۆک لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم" هەیە، بۆیە نە پێشمەرگە و نە سوپای عیراق ناتوانن بە تەنیا بچنە نێو شارەکانەوە.
ئه و تاکە لیژنەیەی لەکۆی ئه و حەوت لیژنەی مالیکی و نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکانی هەردوولا لەسەر دروستکردنیان ڕێککەوتن، جەبار یاوەر وتی: "دوو دانیشتمان کرد، بەڵام نەگەیشتین بەهیچ بڕیار و چارەسەرێک بۆ کێشەکانمان. هیچ ئاڵوگۆڕکردنێکی زانیاریی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراقدا نییە ئەوەی هەیە ئاڵوگۆڕی نامە و نووسراوە. چەند ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی بەرگریی عیراقن و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام پەیوەندییەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی مەشق و پڕۆسەی سەربازیی هاوبەش. هێزی پێشمەرگە کە بەپاسەوانی هەرێم دەناسرێن بەشێکیان لەسەر سنوورەکان بڵاوکراونەتەوە."
بەپێی قسەی جەبار یاوەر، تا ئێستا هیچ گەنجێکیان دەستگیر نەکردووە کە لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ جیهاد چووبێتە سوریا: "ئه و سنوورەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و سوریادا هەیە، تەنیا 30 کیلۆمەترە و کەم و کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ئه و سنوورەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عیراقدایە 300 کیلۆمەترە. ئه و کەسانەی بەناوی جیهادەوە دەچنە سوریا له و سنوورەوە دەچن، چونکە ئاسانترە."
سەبارەت بە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە چیاکانی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت: "ئەوان لەساڵی 1984 بە دواوە لە سێگۆشەی سنووریی نێوان عیراق و تورکیا و ئێرانن کە ناوچەیەکی زۆر عاسێیە، ئه و سێ حکومەتە سەرباری ئەوەی ڕێککەوتنیان لەنێوانیاندا هەبووە بۆ چوونە نێو خاکی یەکتر بەقوڵایی 15 کیلۆمەتر، بەهەموو هێزیانەوە نەیانتوانیوە ئه و ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە بۆ حکومەتی هەرێم ئاسان نییە ئه و کارە بکا."
جەبار یاوەر پێشیوایە سەرگرتنی پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا تاکە گەرەنتیی دابەزینی ئه و چەکدارانە و چۆڵکردنی ئه و چیایانەیە. ئه و بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی ڕەتکردەوە هەرێمی کوردستان هێزی لەکوردانی ڕۆژئاوا لەهەرێمەوە مەشق پێکردبێ و ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردبێت: "حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک لەرووی سەربازییەوە دەست وەرناداتە کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان."
- 18-12-2013