بەوتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگاتە 200 هەزار کەس. ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕێژەی کورد لەسوپاو هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق کەمبۆتەوە بۆ لەسەدا دو. هاوکات باسلەوەش دەکات کە حکومەتی ناوەند دەیان ملیۆن دینار قەرزاری پێشمەرگەیە.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتو دەکات کە ئێستاشی لەگەڵدابێ بەهۆی شەڕی ناوخۆو ڕوداوەکانی پێش ساڵی 1998 ئەو هێزە سەر بەحزبەکان بون و هێشتاش بەشێکیان لەو چوارچێوەیەدان.
پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەساڵی 2010وە دەستیپێکردووە، لەکۆتایی ئەمساڵدا 13 لیوای تەواودەبێ و کۆتایی پرۆسەکەش بەپێکهێنانی 22 لیوای یەکگرتوی پێشمەرگە کە 20یان پیادەو دوو لیوای پشتیوانی پێکدێت.
سەبارەت بەهەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئاژانسی ئەنادۆڵ لەزاری فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاویکردۆتەوە کە بەهۆی توانای دیاریکراوی ماڵی وەزارەت و نەبونی سەربازگەی پێویست، پرۆسەی یەکسختنەوەی پێشمەرگە دوا دەکەوێت و بەخێرایی ناچێتە پێشەوە.
له و ڕوەوە ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەنیازە 22 لیوای پێشمەرگە دابمەزرێنی و ئێستا 13یان تەواوبون. بەگشتی لیواکان 160 هەزار پێشمەرگە لەخۆ دەگرن.
جەبار یاوەر لەبارەی ژمارەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا ژمارەیان دەگاتە 120 هەزار کەس، بێجگە لە 40 هەزار پێشمەرگەی دیکە کە هێزی یەدەگن، هەروەها 40 هەزار پێشمەرگەی خانەنشین. کۆی گشتی دەگاتە 200 هەزار پێشمەرگە.
ئەگەرچی ساڵی 2007 بودجەی گشتی عێراق بەبڕگەیەک ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێزی پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگری عێراق و دەبێت لەبودجەی سیادی بودجەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن لەو کاتەوە هیچ بودجەیەک بۆ پێشمەرگە تەرخاننەکراوە.
یاوەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەساڵی 2007وە هیچ بڕە بودجەیەکیان لەعێراق وەرنەگرتووە کە دەگاتە 13 تریلیۆن دینار. ئه و دەڵێت، "پێشمەرگە بەشێکە لەسیستمی بەرگریی عێراق لەساڵی 2004وە تا 2013 بڕی 13 تریلیۆن دینار پشکی پێشمەرگەیە لەو بودجەیە، ئەگەر هی ساڵی 2014شی بخرێتە سەر دەکاتە 15تریلیۆن دینار کە هیچی بەپێشمەرگە نەدراوە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیدەکاتەوە کە ساڵانە حکومەتی هەرێم لەرێی بڕینی بەشێ لەبودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکدێنێت، "ئەو بودجەیەش نیوەی پێداویستییەکانی ئێمە دابین ناکات."
لەدەستوری عێراقدا کە ساڵی 2005 لەراپرسییەکی گشتیدا لەلایەن عێراقییەکانەوە پەسەند کرا، پێشمەرگە بەهێزێکی یاسایی و دەستوریی دەناسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە باسلەوە دەکات کە یاداشتی لێکتێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە کە ژمارەی هێزەکانیان 120 هەزار کەس بێ بۆ ئەوەی هەرێم بەباشی بپارێزن لەمەترسییەکانی تیرۆر بەهۆی نزیکیی هەرێم لەچەند پارێزگایەکی جێ مەترسیی عێراق.
- 18-12-2013