بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە 10 مانگی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێم بە هۆی ڕووداوی هاتوچووە 780 کەس گیانیان لە دەستداوە، 10 هەزار و 540 کەسیش برینداربوون.
ئەمرۆ چوارشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2013) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، عەمید عەبدولقادر سدیق، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان دواین ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆی 10 مانگی ئەمساڵی خستەروو و ڕایگەیاند: لە 10 مانگی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێم بە هۆی ڕووداوی هاتوچووە 780 کەس گیانی لەدەستداوە، 10 هەزار و 540 کەسیش برینداربوون.
وتیشی: "لە پارێزگای هەولێر بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە 285 کەس مردوون و سێ هەزار و 808 کەسیش برینداربوون، هەروەک لە پارێزگای سلێمانی 200 مردوون و دوو هەزار و 534 کەسیش برینداربوون، لە پارێزگای دهۆکیش 211 کەس مردووە و سێ هەزار و 485 کەسیش برینداربوون".
هەر له و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەرێم ئامارەکانی ناوچەکانی دیکەی خستەروو، کە لە سۆران بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە 28 مردوون و 248 کەسیش برینداربوون، لە گەرمیان 40 کەس مردوون و 316 کەسیش برینداربوون، لە ڕاپەڕین 16 کەس مردوون و 149 کەسیش برینداربوون.
- 18-12-2013