ڕۆژان نوری عەبدوڵڵا
ناوی تەواوی (ڕۆژان نوری عەبدوڵڵا فەتحوڵڵا)یە، لە(20-06-1976) لە شارۆچکەی(#شەقڵاوە#) لەدایکبووە، لەبنەچەدا خەڵکی گوندی #ئیلنجاغی گەورە#ی شاری #کۆیە#یە، لە ساڵی(1980)ەوە لە شاری کۆیە نیشتەجێبوون، قۆناغەکانی خوێندنی(سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی) لە شاری کۆیەدا تەواوکردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی زمانی کوردی، کۆلێژی پەروەردە، #زانکۆی سەڵاحەدین# لە ساڵی خوێندنی(1999-2000)دا بەدەستهێناوە، لە خوێندکارە یەکەمەکانی بەشەکەی بووە، لە ساڵی خوێندنی(2000-2001)دا، لەگەڵ کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی #سلێمانی# لە شاری کۆیە، وەکوو یەکەم(یاریدەدەری توێژەر) لەبەشی زمانی کوردی ئەو کۆلێژە دامەزراوە و دواتر بووە بەیەکەم بەرپرسی(پەڕتووکخانەی کۆلێژی پەروەردە) و لە دەستەی یەکەمی دامەزرێنەرانی کۆلێژی پەروەردەی کۆیەی بەشی زمانی کوردیه، لە ساڵی(2004)دا لەخوێندنی ماستەر لە #زانکۆی کۆیە#، کۆلێژی زمان، بەشی کوردی وەرگیراوە و لە(5-12-2006)دا بڕوانامەی ماستەری بەپلەی(زۆرباشە) وەرگرتووە، نامەکەی بەناونیشانی(فەرهەنگی زمان و زاراوەسازیی کوردی)یە، ئەو نامەیە وەکوو پەڕتووک دووجار چاپکراوە.
لە ساڵی(2006)دا وەکو(مامۆستای یاریدەدەر) لە کۆلێژی زمانی زانکۆی کۆیە بەشی کوردی دەستبەکاربووە، ساڵی(2009) لەزانکۆی کۆیە کۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی کوردی لە خوێندنی دکتۆرا وەرگیراوە و لە هەردوو کۆڕسی خوێندندا پلەی یەکەمی لەنێو خوێندکارانی کۆڕسەکەدا بەدەستهێناوە، ساڵی(2014) بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری(واتاسازی)دا پێدراوە و تێزی دکتۆراکەشی پلەی(نایاب)ی وەرگرتووە بەناونیشانی(ڕۆڵی میتافۆڕ لەدەوڵەمەندکردنی زمان)دا.
ئێستا مامۆستایە لە زانکۆی کۆیە کۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی کوردی پلەی زانستیشی پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە، چەند توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە گۆڤاری زانکۆی کۆیە و زانکۆی #گەرمیان# بڵاوکردۆتەوە وەک:
1-میتافۆڕ لەشیعرەکانی هاوژین سڵێوەدا.
2-پێکهاتەی زاراوەی پیشە لەشێوەزاری کۆیەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستا(شادان سابر شکور).
3-فەرهەنگی بەساڵاچوان لەشێوەزاری کۆیەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستا(شادان سابر شکور).
4- هێمای بازرگانی و ناولێنان لەتابلۆی شوێنکاردا.
5-شیکردنەوەی پڕاگماتیکی چەند دەقێکی(فەرەیدون عەبدول بەرزنجی) بەپێی تیۆری کردە قسەییەکان، بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستا(دەریا سابیر حەمەد).[1]