بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمساڵی نەخۆش و چالاکیە تەندروستیەکان لەشارەکە ڕاگەیاند و ڕونیدەکاتەوە، لەساڵی 2013 زیاتر لە 33 هەزار منداڵ لەدایکبون و نزیکەی 3600 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراشیدەکات، توشبون بەشێرپەنجە بەبەراورد بەوڵاتانی جیهان ڕێژەکەی کەمترە.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: بەڕێوەبەری فەرمانگە تەندروستی سلێمانی، د. میران محەمەد، ئەمڕۆ سێشەمە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەساڵی 2013 ڕێژەی لەدایکبون لەپارێزگای سلێمانی لەنەخۆشخانە حکومییەکان 27 هەزارو 909 کەس بوە و لەنەخۆشخانە ئەهلییەکانیش پێنج هەزارو 839 منداڵ بوە.
ئاماژەشیدا، لەکۆی ژمارەی لەدایکبوان 14 هەزارو 212 یان نێربون و 13 هەزارو 697یان مێ بون کە لەنێویاندا 312 حاڵەتی لەدایکبونی منداڵی دوانە و 19 حاڵەتی لەدایکونی سیانە و یەک حاڵەتی لەدایکبونی چوارە تۆمارکراوە.
دەربارەی ئاماری گیان لەدەستدان ڕایگەیاند، لەمساڵدا ئەوەی لای ئەوان تۆمارکراوە گیان لەدەستدانی سێ هەزارو 584 کەس بوە کە له و ژمارەیە 287 یان بەهۆی ڕوداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و 166یشیان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە بوە.
د. میران ڕایگەیاند، لەساڵی 2013دا 1924 حاڵەتی توشبون بەنەخۆشی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە کە توشبوانی شارەکە و ناوچەکانی تری هەرێم و پارێزگاکانی تریش دەگرێتەوە.
ئاشکراشیکرد، بەبەراورد بەوڵاتانی پێشکەوتو ڕێژەی توشبون بەشێرپەنجە کەمە، بەجۆرێک لەنێو ئافرەتاندا لەنێو هەر 16 کەسێک یەک حاڵەتی توشبون بەشێرپەنجەی مەمک هەبوە لەکاتێکدا لەهەندێک وڵاتدا ڕێژەکە حەوت بۆ یەکە.
سەبارەت به و کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەی دەرونیان کردوە بەڕێوەبەی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، 30 حاڵەتی ئافرەتان و 50 حاڵەتی پیاوان لەنەخۆشخانە دەرونییەکان تۆمارکراون.
هاوکات لەسنوری پارێزگای سلێمانی یەک هەزارو 74 نەخۆشی تالاسیمیا تۆمارکراوە و سەنتەری شەکرە و کوێرە گلاندەکانیش توشبونی 16 هەزارو 885 نەخۆشیان تۆمارکردوە.
بەوتەی د. میران محەمەد، ئه و ئامارانە سەرجەمی ئه و نەخۆشخانە دەگرێتەوە کە ڕویان لەنەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستیەکانی سلێمانی و دەوروبەری کردوە لەهاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و هاوڵاتیانی شار و ناوچەکانی دیکەش.
- 31-12-2013