خەندان ڕاماڵ قەسرەیی
لەماوەی ساڵی 2013دا لەسنوری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران کە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسور، چۆمان، ڕواندز لەخۆ دەگرێت دوو هەزار و 128 ڕووداوی جۆراو ڕویانداوە کە زۆرینەیان ئاشکرا کراون و بەبەراورد بەساڵی ڕابردووش بەگشتی ڕوداوەکان زیادیان کردوە.
نەقیب محەمەد عەلی بەر پرسی بەشی ڕاگەیاندی پۆلیسی سۆران بەخەندانی ڕاگەیاند: لە ماوەی ساڵی 2013دا (24) ڕوداوی هێرشکردنە سەر فەرمانبەران و 13دەستوەردان لەکاری دادگا و 8 ساختە و تەزویر و یەک زیادە ڕۆیی فەرمانبەر لە سنوری کاری خۆی و 16تاوانی سەرخۆشی و 71 هەرەشە و 31 فێڵکردن و یەک هەڵگرتنی پارەی دزراو و 9حاڵەتی هەڵگرتنی چەک بەشێوەی نایاسایی و 28 لێخورینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت و 4 ڕووداوی کوشتن هەبوون و تەواوی ڕووداوەکانیش بەدواواچونیان بۆ کراوە و ئاشکرابوونە.
نەقیب محەمەد عەلی وتیشی: هەر لەماوەی ئەمساڵدا 5 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان و یەک کوشتنی بەهەڵە و 3 دزینی ئۆتۆمبێل و 84 حاڵتی دزیکردن و 10 حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و 1811 ڕوداوی تر هەبوون کە بەشێکی زۆریان ئاشکرابوون.
وتیشی: بەگشتی بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕوداوەکان زیادیان کردوە کە ساڵی ڕابردوو 1859 ڕووداوی جۆراو جۆر بوون.
- 31-12-2013