ئا: شاهۆ ئەحمەد
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دلێر عەبدولقادر لەبارەی کەمبونەوەی بودجەی عێراق لەلێدوانێکی بۆ ئاوێنە وتی "پێشتر وا دانرابو عێراق لەرۆژێکدا سێ ملیۆن و شەش سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بێت، بەڵام ئێستا وا پێشبینی دەکرێت لەرۆژێکدا سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بێت واتا ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل کەمیکردوە هۆکارێکی تر وادانرابوو نرخی یەک بەرمیل نەوت 90 دۆلار بێت، بەڵام ئەوەیش کەمیکردوە بۆ 85 دۆلار ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەبازاڕەکانی جیهان نرخی نەوت دابەزیوه و ڕێژەی بەرهەمهێنانیش کەمیکردوە لەگەڵ ئەوەش داهاتیش کەمیکردوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ئه و کەمکردنە هیچ پەیوەندی بەموچەی مامۆستاو فەرانبەرەوە نیە ئەوان وەکو خۆیی دەمێنێتەوە. پەرلەمانتارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ڕوونکردەوە ساڵانی ڕابردو بودجەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە18 ترلیۆن بو، بەڵام ئەمساڵ ئەوەی دانراوە ناگاتە 17 ترلیۆن.
لەبەرامبەر ئەوەشدا فازڵ نەبی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق قسەکانی ئه و پەرلەمانتارە ڕەتدەکاتەوه و دەڵێت "رێزم هەیە بۆ پەرلەمانتاران، بەڵام ئەوان لەخۆیانەوە قسە دەکەن چونکە نە نرخی بەرمیل کەمیکردوە نە بەرهەمهێنانی نەوت کەمیکردوه و ڕاشیدەگەیەنێت کەمبونی بودجە هەمو بوارەکان دەگرێتەوە".
ئابوریناسێک پێیوایە کەمکردنەوەی بودجەی عێراق هاوکات هەرێمی کوردستان کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر داهاتی تاکەکەس هەر کاتێکیش داهات کەمبو خواست کەمدەبێتەوە. ئابوریناس ئەمیر ئەحمەد بۆ ئاوێنە وتی "بودجە پێوەرێکە بۆ پێوانەکردنی داهاتی گشتی ئەویش دەبێتە پێوەرێک بۆ داهاتی تاکەکەس، کەمکردنەوەی بودجەی ئەمساڵی عێراق هاوکات هەرێمی کوردستان کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر داهاتی تاکەکەس، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی خواستی بەکاربەر هەر کاتێک بودجە کەمیکرد دەبێتە کەمکردنەوەی پرۆژەکان ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی بێکاریی لەسەرجەم بوارەکان".
ئه و وتیشی "ئه و کەمکردنەوەیەی بودجە دەبێتە هۆی ڕاوەستانی بازاڕەکان بەشێوەیەک هەم کڕیارو هەم فرۆشیار زەرەر دەکەن، هەربۆیە بەگشتی زیانێکی زۆر بەداهاتی گشتی و تاکەکەس دەگەیەنێت".
سەبارەت بەکەمبونەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان دلێر تاریق وتەبیژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئاوێنەی ڕاگەیاند "بەدڵنیاییەوە بودجەی هەرێمی کوردستان کەمیکردوە بۆ 16 ترلیۆن هەربۆیە لەبەرێوەبەرایەتی گشتی بودجە لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی پێداچونەوە بکات بەبودجەی وەزارەتەکان بۆ ئەوەی بزانرێت پێویستە لەکام وەزارەت بودجەی کەمبکرێت و لەکامیشیان بودجەکە وەکو خۆی بمێنێتەوە".
- 09-01-2014