بۆ ڕای گشتی:
لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران کۆمەڵێک باس و گفتوگۆ سەبارەت بە دەستپێکردنی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران هاتە ئاراوە. هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنەوە هەتا ئێستا، گەلێک لێدوان و موناقەشە لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی ئێران وەک باس لەسەر ڕوانگەی ئاساییشی دەوڵەت، مافی هاووڵاتی بوون، چارەسەری کێشەی نەتەوەکان، پەروەردە بە زمانی زگماکی، هەڵاواردنی ئابووری و دابەش کردنی فەرهەنگی دەستی پێکرد. ئەم بابەتانە کە ماوەیەکە بۆتە ڕۆژەڤی سەرەکی چالاکان سیاسی، مەدەنی و گەلانی ئێران، لە ئەگەری هەبوونی دەرفەتی دیمۆکراتیک، بەرێگای پیلانی کرداری دەتوانێ ببێتە هەنگاوێکی ئەرێنی و کارامە، لە پێناو چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی ئێران. هەڵبەت لە پێناسە کردنی بەشێک لە دەستەواژەکان، کێشە هەیە کە ئەم باس و گفتوگۆیانە بەلارێی دا دەبات. پێویستە سەرجەم گەلانی ئێران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن بەشداری لەم باسانەدا بکەن و بەستێنی دیالۆگ پێک بهێنرێت. هاوکات پێویستە دەرەتانی بە جێی کردنەوە بیر و ڕای جیاواز لەم قۆناخەدا بخوڵقێنرێت.
ئەو بابەتانەی کە لە جارنامەی مافی هاووڵاتی بووندا بە جێ کراون، یەکجار موحافەزەکارانەیە و سەرەڕای ئەم کەموکۆڕیەش، پەیوەست کردنی ئەم مافانە بە یاساگەلێک لە یاسای بنچینەیی کە هیچ چەشنە گەرەنتییەکی کردارییان نیە و هاوکات دیارکردنی ئەمما و ئەگەری جیاواز بۆ ئەم مافانە، ئاستەنگە لە بەردەم پێک هێنانی خاڵە دیاریکراوەکان. بۆچوونەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی و جارنامەی مافی هاووڵاتی، پێویستە خاوەن شەفافیەتی زیاتر لە بوارەکانی هزری و کرداریدا بێت. لە بەشێک لە لێدوانەکانی کاربەدەستانی حکوومەت نایەکسانی بەرچاو لە نیزیکایەتی حقووقی سەبارەت بە نەتەوەکانی ئێران دەبینریت. بەڵام نابێ لە نێوان گەلانی ئێران لە بوارەکانی ماف و ئازادییەکانی فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و مەدەنی، هەڵاواردن بکرێت. پێویستە لە یاسا و حقوقدا، سەرجەم گەلانی ئێران بە لە بەرچاوگرتنی جیاوازیەکانیان، یەکسان و ئازاد ببینرێن. تەنیا بە گەرەنتی حقوقی و یاسایی، دەتوانرێ بەستێنێکی دیمۆکراتیانە بۆ باس سەبارەت بە چارەسەری کێشەی گەلانی ئێران دەستەبەر بکرێت. بەم هۆکارە دابەش کردنی گەلانی ئێران بە شارستانی و ناشارستانی، دابەش کارییەکی هەڵەیە و ئەم عەقلیەتە سەرچاوە گرتووە لە خۆبەناوەند دیتنی لایەنە ناسیۆنالیستە فاناتیکەکانە. تێگەیشتنێکی وەها هەڵە، سیاسەتی هەڵاواردنە و تەنیا بەستێنی شەڕ و پێکدادان دەستەبەردەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە قەیران لە ئێران قووڵتر ببێتەوە.
هەروەها لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران بابەتی دابەش کردنی نوێی ئوستانی و بەشداری لە پلە بەرزەکانی ڕێوەبەری وڵات، تاووتۆی لەسەر دەکرێت. بێشک مافی دیاری کردنی چارەنووس و بەشداری لە سیاسەت و بەڕێوەبەری کۆمەڵگا، لە داخوازییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی سەرجەم نەتەوە و جیاوازییە ئایینی و مەزهەبییەکانی ئێرانە. بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پێداویستیانە، پێویستی بە بیر و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ موخاتەبانی ئەم بابەتانە، واتە سەرجەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی مەزهەبیەکان و هێزە بەرهەڵستکارەکان هەیە. لە ئەگەری ئەوەی کە ڕاستینەی لێک کردنی کارامەی فەرهەنگی گەلانی ئێران بە درێژایی مێژوو لە بەرچاو نەگیرێت، سنووربەندی نوێی ئەیالەتی، قازانجێکی وەهای لێی ناکەوێتەوە و تەنانەت لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی بنەڕەتی کێشەکان، شیمانەی ئەوەی کە دەرەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە، یەکجار زۆرە. چوونکوو جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبیەکانی ناو ئێران بە ساڵانە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە کناری یەکتر ژیان دەکەن و کاریگەری پۆزێتیڤیان لەسەر یەک داناوە. تەنانەت بەشێک لە نەتەوەکانی ناو ئێران، نیشتەجێی زۆربەی شوێنەکانی ئێرانن کە سنووری جوغرافیاییان لەگەڵ هاوناسنامیەکانی خۆیان نیە. بۆیە سنووربەندییەکی مسۆگەر، لەگەڵ هەل و مەرجی جوغرافیایی و تەنانەت شێوەی بڵاو بوونەوەی نەتەوەکان لە ئاستی ئێران بە باشی ناگونجێ. لە ئەگەری ڕەوشێکی وەها، نەتەوەیەک لە ئێران بە ناسنامەیەکەوە، لە جوغرافیایەکی دیاریکراو، خاوەن ماف دەبێت و لە جوغرافیایەکی جیاوازتر لە هەمان ماف بێبەری دەبێت. لە لایەکی تریشەوە ئەرکدار کردنی هەندێک کەسایەتی سەر بە دەوڵەت بە ناسنامەیەتی نەتەوەیی تایبەت لە پایە و پلە بەرزەکانی دەوڵەتی، بە هیچ شێوازێک ناتوانێ چارەسەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و لە کۆتایی دا جیا لە سەرپۆش کردنی کێشەکان دەرەنجامێکی تری لێ ناکەوێتەوە. واتە ئەرکدار کردنی تاکێک بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، بۆ کۆمەڵگای کوردەواری، ئازادی و بەشداری سیاسی لە گەڵ خۆیدا ناهێنێت. پێویستە کۆمەڵگا ببێتە خاوەن هێزی ڕێوەبەری خۆی و لە کەشێکی کراوەی سیاسی دا بتوانێت پێداویستیەکانی ژیانی خۆی دەستەبەر بکات. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، فورموڵاسیۆنی "خۆبەڕێوەبەرایەتی دیمۆکراتیانە" مان پێشکێش کردووە کە بەشداری ڕاستەوخۆی گەل لە ڕێوەبەری کۆمەڵگا بەدی دەهێنێت.
باس کردن لە ڕێگای داهاتووی ئێران و سیستەمی نوێ لە پێکهاتەی دەوڵەت، پێویستە جیاوازی بنەڕەتی لە گەڵ ئەم ڕێگایە هەبێت کە هەتا ئێستا تێپەر بووە و لە پێک هێنانی ئەو، پێویستە گۆڕانکارییەکان بە باشی هەستیان پێ بکرێت و ڕوون و بەرچاو بن. تەنیا لەم ڕەوشەدایە کە قەیرانی ئێستاکە لە ئێران چارەسەر دەبێت و قەیرانەکان قوڵتر نابنەوە. لەم پێناوەدا پێویستە دەوڵەت ڕێبازی ئاشتی لە گەڵ کۆمەڵگاکان و هێزە بەرهەڵستکارەکان بگرێتە بەر و بەم چەشنە چارەسەری کێشەکان بخاتە بەر باس و هەنگاوی کرداری بنێتەوە. واتە پێویستە دەرفەت و دەرەتانی بەشداری سەرجەم جیاوازییەکان لە ئێران دەستەبەر بکات. ئەم بابەتە بە لەناوبردنی هیچ یەک لە هێزە کۆمەڵایەتیەکان مومکین نابێت و پێویستە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە. لە ئەگەری جیدی بوون و سەمیمیەتی دەوڵەت لەم بارەیەوە، گەلی کورد و ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە پرۆژەی کردارییەوە لە پێناو دیمۆکراتیزاسیۆنی ئێران بەشداری دەکەین.
سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕی
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
12-01-2014