بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سلێمانی ڕائید ئەکرەم قادر حسێن لەدیدارێکی ئاوێنەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ساڵی 2012دا 1318 حاڵەتی دزییکردن لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی 2013دا 1150 حاڵەتی دزییکردن تۆمارکراوە، واتە بەبەراوورد بەساڵی 2012، لە ساڵی 2013دا 168 حاڵەتی دزییکردن کەمی کردووە. ئەو ڕوونیشکردەوە کە لە ساڵی 2012دا لەسەر دزییکردن فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 771 کەس دەرچووە و هەمووشیان دەستگیرکراون، بەڵام لە ساڵی 2013دا 821 کەس لەسەر دزییکردن دەستگیرکراوە ئاماری ئەو دوو ساڵە ئەوەمان پێدەڵێت کە دزییکردن کەمی کردووە، بەڵام دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دزییان کردووە زیادی کردووە بەڵام ئەوەی جێی داخە بۆ ڕائید ئەکرەم، نزیکەی 50 کەس لەوانەی لە2013دا لەسەر دزییکردن دەستگیرکراون، پێشتر بەهەمان شێوە لەسەر دزییکردن دەستگیرکراون.
زۆرترین دزیی لەچ بوارێکدا کراوە؟
بەوتەی ڕائید ئەکرەم زۆرترین حاڵەتی دزیی کە لە2013 تۆمارکراوە، دزیی ماڵان بووە، ژن و مێردێکیش لە گەڕەکی بەکرەجۆ کە لە هەمان ساڵدا پێکەوە دەستگیرکراون، زۆرترین دزییان کردووە، کە بڕینی 25ماڵ بووە و سەرجەمی ئەو شتانەش کە دزیویانە نزیکەی 1کیلۆ ئاڵتون و 12ملیۆن دینار بووە، پاشان دزینی پارە بەقاسەوە یەکێکی تر بووە لەدزییە باوەکانی ئەو ساڵەئەوەی زۆر دیاربوو ماڵێک لە گەڕەکی مەجیدبەگ، چوو بوون بۆ سەیران کە هاتبوونەوە قاسەکەیان دزرابوو، بەوتەی خۆیان نزیکەی 10 دەفتەر دۆلاری تێدا بووە، خۆشبەختانە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەنجامدەرانی ئەو کارەمان دەستگیرکرد کە لە6 کەس پێکهاتبوون. بردن و سووتاندنی ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییان لە مانگی نۆ و کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێکی تر بوو لەو کارانەی کە ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەرقاڵکردبوو، لەوبارەیەوە ڕائید ئەکرەم وتی لەسەر سووتاندنی 6ئۆتۆمبیل و 2مارکێت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆمەڵێک کەسمان دەستگیرکرد کە بەراستی لەوکاتەدا پشێوییەکی زۆریان درووستکردبوو. هاوکات هەر لە ساڵی 2013دا دوو باندی بەرەگەز عارەبیان دەستگیرکردووە کە جامی ئۆتۆمبیلی هاووڵاتییانیان شکاندوە و پارەیان تێدا بردووە، جگە لەوەش سێ ئافرەتی ناوچەی بادینانیان لەسەر دزینی ئاڵتون دەستگیرکردووە.
دزیی نەوت سەیرترین جۆری دزیی بووە
سەیرترین جۆری دزیی بەبڕوای بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە سلێمانی، دزیی نەوت بووە لەماڵان، بەڵام بەشێوازێکی سەیر و دەگمەن، زۆرێک لەهاووڵاتییان کاتێک بەرمیلێک نەوت وەردەگرن، بە (موزەخە) بۆ تەنکییەکی گەورەتری ماڵەکەیانی دەگوازنەوە، چەند کەسێکیش لەگەڕەکەکاندا بەناوی ئەو کارەوە، دزییان لەهاووڵاتییان کردووە، بە جۆرێک لەکاتی گواستنەوەی نەوتەکەدا سۆندەیەکیشیان بۆ بەرمیلێکی ژێر ئۆتۆمبیلەکەیان گواستۆتەوە بەو ڕێگایە بەشێک لەنەوتەکەیان دزیوە، وەک ڕائید ئەکرەم دەڵێت چەند نەوتیان بۆ تەنکییەکەی ماڵەکە ناردووە نزیکەی ئەوەندەشیان دزیوە، لە هەمووی سەیرتر پارەی گواستنەوەی نەوتەکەشیان لەماڵەکان سەندووە، خۆشبەختانە دوای وردبینییەکی زۆر توانیمان ئەو دزییە ئاشکرا بکەین و 4ئۆتۆمبیل و 6 کەسیشمان لەسەر ئەوە دەستگیرکرد.
کامێرای چاودێریی زۆر هاوکاریانە
دانانی کامێرەی چاودێریی لە زۆرێک لەماڵان و بازاڕ و دوکانەکانی سلێمانی وەک ڕائید ئەکرەم جەختی لەسەر کردەوە، زۆر هاوکاری ئەوانی کردووە و چەندین تاوانی دزییان لەو ڕێگایەوە ئاشکرا کردووە، بۆ ئەمەش باسی لە چەند حاڵەتێک کرد یەکێک لەوانە شەوێکی درەنگ لەنزیک دووکانێکی مەشروبات 5 کەسمان دەستگیرکرد، دواتر خاوەنی دووکانەکە وتی دووکانەکەم بڕڕاوە، پاش لێکۆڵینەوە و بینینی کامێرەیەکی چاودێریی دووکانەکە دەرکەوت ئەو کەسانەی ئێمە دەستگیرمان کردوون، هەمان ئەو کەسانەن کە دزییەکەیان کردووە، هەر لە ڕێگای کامێرەیەکەوە بۆمان دەرکەوت کە دزیی تریان کردووە، بۆیە داوا لەهاووڵاتییان دەکەین چەند بۆیان دەکرێت کامێرەی چاودێریی دابنێن. ناوبراو هێمای بەوەشدا کە تۆمەتبارێکی تری دزییان لە ڕێگای کامێرەی جەڕەسی ماڵانەوە دۆزیوەتەوە و دەستگیریان کردووە.
شەش نووسینگەیان هەیە و پێویستیان بەپێنجی ترە
لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان جگە لەنووسینگە سەرەکییەکەیان 5 نووسینگەی تریشیان لە ناوچە جیاجیاکانی شاری سلێمانیدا هەیە، بەڵام بەتەنیا بەو نووسینگانە کارەکانیان بەباشی بۆ ناکرێت، هەر بۆیە پێشنیاریان کردووە لە ساڵی 2014 وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندی بنوێنن لەسەر کردنەوەی 5 نووسینگەی تر ئەگەر ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بەدەستبێنین و 5نووسینگەی تر بکەینەوە، کارەکانمان زۆر لەئێستا باشتر بەڕێوە دەچێت.
18-01-2014