بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی گەرمیان، لەساڵی ڕابردوودا، (96) کەس بەمادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون، دەستیش بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنی و مادەی هۆشبەردا گرتووە.
ئارازمحەمەد، گەرمیان: بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی گەرمیان، عوسمان عەبدولکەریم، ئەمڕۆ(یەک شەممە) بەئاوینەنیوزی ڕاگەیاند، لەساڵی ڕابردوودا، بڕی (969،9) گرام تریاکو حەشیش، (340،13) دانە حەپی هۆشبەر لەجۆری ترامادۆڵ و وەردی و کلۆنازیپام دەستیان بەسەرداگیراوە، هەورەها دوو هەزارو (38) دانە حەپ و (16) دەرزی ترامادۆڵ و (701،7) گرام تریاک لەناوبراون.
ناوبراو وتیشی، هەر لەماوەی ئه و ساڵەدا (96) کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە (68)یان هاوڵاتی عێراقی و (28) هاوڵاتی بیانیبوون، هاوکات کەسانی حوکمدراو لەسەر مادەی هۆشبەر (45) کەس بووە، کە (21) کەسیان بەبڕیاری دادوەر ئازادکراون، (10) کەسیان ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کراون،(20) کەسیش لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
عوسمان ئەوەشی خستەڕوو کە شەش حاڵەتی ساختەی دراوو یەک حاڵەتی ساختەی کارتی نیشتەجێبوون تۆمارکراون، بەتۆمەتی ساختەکاریش (21) کەس دەستگیرکراون، له و ژمارەیەش حەوت کەسیان حوکمدراون".
وتیشی، له و ساڵەدا لەلایەن هێزەکانیانەوە، سێ هەزار فیشەک، سێ دەمانچە، (24) تاپڕ، یەک قەناس، سێ بڕنەو، دوو کلاشینکۆف و یەک (RBK) دەستیان بەسەرداگیراوە، هاوکات حەوت کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بەچەک و تەقەمەنییەوە دەستگیرکراون.
- 19-01-2014