خەندان - ڕەهێڵ سەمەد
زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەک پێیانوایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا لە چارەسەرکردنی گەندەڵیدا سەرکەوتوو نەبووە.
ئەمڕۆ 20ی کانوونی دووەمی 2014 پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان دەرئەنجامی 86 ڕاپرسی خۆی ڕاگەیاند کە تایبەت بوو بە ئاستی متمانەی هاوڵاتیان به و خزمەتگوزارییانەی حکومەتی هەرێم تا کۆتای ساڵی 2013 پێشکەشی کردووە.
لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی ئه و ڕاپرسییەدا لەبارەی چارەسەرکردنی گەندەڵی هاتووە کە سەدا 62ی هاوڵاتیان پێیانوایە حکومەت لە چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی هیچ سەرکەوتوو نەبووە و لەسەدا 30ی هاوڵاتیانیش پێیانوایە حکومەت لەپرسی نەوت سەرکەوتوو نەبووە.
بۆ ئەم مەبەستە محەمەد کەلاری بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕاپرسیەکەیاندا سێ هەزار فۆرمیان دابەشکردووە و دوو هەزار و 965 فۆرمیان بە دروستی بۆ گەڕاوەتەوە.
محەمەد کەلاری وتی: "بەگوێرەی ڕاپرسییەکە سەدا 55ی هاوڵاتیان پێیانوایە حکومەت هیچ سەرکەوتوو نەبووە لە چارەسەرکردنی گرانی بازاڕدا، لە بەرامبەردا لەسەدا 36ی هاوڵاتیان پێیانوایە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە".
هەروەک سەدا 36ی بەشداربووان پێیانوایە حکومەت سەرکەوتوو نەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتی نیشتەجێبوون و سەدا 49ش پێیانوایە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.
بەگوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکە سەدا 62ی بەشداربووان پێیانوایە حکومەت لە چارەسەرکردنی گەندەڵی هیچ سەرکەوتوو نەبووە و لەسەدا 28 پێیانوابووە تاڕادەیەک سەرکەوتو بووە.
لەبارەی پرسی نەوت هەروەک لە ڕاپرسیەکەی پەیمانگای کوردستاندا هاتووە لەسەدا 30 پێیانوایە حکومەت هیچ سەرکەوتوو نەبووە و لە سەدا 47 پێیانوایە تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و لەسەدا 23ش پێیانوایە زۆر سەرکەوتوو بووە.
لەبارەی سەرکەوتنی حکومەت لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارەبا بەشداربووان بەئەرێنی وەڵامی ئه و پرسیارانەیان داوەتەوە و پێیانوابووە هاوشێوەی بارودۆخی ئەمنی هەرێم، حکومەت تاڕادەیەک سەرکەوتنی له و کەرتانەدا بەدەست هێناوە.
- 20-01-2014