خەندان کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی 2013 ی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕینەوە ئامادەکراوە، لەساڵی ڕابردوودا 375 حاڵەتی سوتان له و سنورە تۆمارکراوە.
لە ئامارەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، ئاماژە بەوەدراوە، زۆربەی ئه و کەسانەی لە 2013دا بەمەبەستی چارەسەرکردنی سوتانی جەستەیان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی ڕانیە و قەڵادزێ، لە ڕەگەزی مێ بوون، کە چوار کەسیان بەهۆی کاریگەریی برینەکانییان و زۆریی ڕێژەی سوتاوییانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی خەندان، هەر حاڵەتێکی سوتاوی کە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەکانی سنوری ڕاپەڕین، فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ دەکرێت و دواتر بەئەمبۆڵانس ڕەوانەی سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە پارێزگاکانی هەرێم دەکرێت.
مریەم محەمەد، چالاکەوانی بواری مافەکانی ژنان، بۆ خەندان وتی: "زۆرجار ئه و ژنانەی پەنا بۆ خۆسوتاندن دەبەن، بۆ ئەوەی کێشە و ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەکاندا دروست نەبێت، لەکاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا نکۆڵی لەوە دەکەن کە خۆیان به و کارە هەڵسابن، هاوکات بوونی ئه و دەنگۆ هەڵەیەی کە گوایا ئەوانەی خۆیان دەسوتێنن، لە نەخۆشخانە لە لایەن دکتۆرەکانەوە بە دەرزی لەناودەبرێن، یەکێکی تر له و هۆکارانەیە کە قوربانییەکان هاندەدات لای پۆلیس بیانووی جۆراو جۆر بدۆزنەوە بۆ سوتانەکەیان".
ئه و چالاکەوانە ڕوونیشیکردەوە، لەکاتێکدا هەریەک لە قەزاکانی ڕانیە و پشدەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا زۆرترین ڕێژەی خۆسوتاندنی ژنانی تیادا تۆماردەکرێت، بەڵام تائێستا قاوشی تایبەت بە سوتاوی لە نەخۆشخانەکانی ئه و دوو قەزایەدا بوونی نیە، وەزارەتی تەندروستیش بەهۆی بوونی سەنتەری پێشکەوتووی تایبەت بەنەخۆشییەکانی سووتاوی لەپارێزگاکاندا، لە بەرنامەیدا نیە ئه و بەشەیان تێدا بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارێکی سەنتەری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و تاوان – ئۆفیسی ڕانیە، لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە، 16%ی ڕێژەی ئه و ژنانەی ساڵانە بەهۆی سوتانی جەستەیانەوە لە نەخۆشخانەی ئێمێرجنسیی سلێمانی دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە، دانیشتووی سنووری ڕانیە و قەڵادزێن، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوتاوییەکەیان و، نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە سوتان لە ناوچەکانی خۆیان، ڕەوانەی ئه و نەخۆشخانەیە دەکرێن، هەندێکیان دوای چەند ڕۆژێک مانەوەیان لە نەخۆشخانە، بەهۆی وەستانی گورچیلەوە گیان لەدەستدەدەن.
- 21-01-2014