راپۆرتێک کە لەلایەن سێ داواکاری گشتی پێشوی نێودەوڵەتی لەسەر داوای قەتەر ئامادەیان کردوە دوپاتیدەکاتەوە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد کردەی کوشتن و ئەشکەنجەدانی لەسەر ئاستێکی فراوان ئەنجامداوە.
سوریا، ئاوێنەنیوز: ئه و داواکارە گشتیان سوریایان بەئەنجامدانی کوشتن لەسەر ئاستێکی فراوان و ئەشکەنجەدان تۆمەتبارکردوە له و ڕاپۆرتەیاندا کە پشتیان به و کەسانە بەستوە کە لەدەست هێزەکانی سوریا هەڵهاتون، ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەش بەپشتیوانی وڵاتی قەتەر بوە کە یەکێکە لەپشتیوانانی بەرهەڵسکارانی سوریا وەک ئەوەی ڕۆژنامەی گاردیان و تۆڕی سی ئێن ئێن ئاماژەیان پێداوە.
راپۆرتەکە کە ناوەرۆکەکەی لەسەر پێگەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە و تۆڕی تەلەفزیۆنە ئەمریکیەکە بڵاوکراوەتەوە پشتی بەچەند دانپیادانانێک بەستوە کە ڕاستی و دروستییەکەی نەسەلمێنراوە.
بڵاوکردنەوەشی هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرەی جنێف-2ی نێودەوڵەتی بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئه و ململانێیەی بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لەسوریا بونی هەیە.
راپۆرتەکە لەلایەن هەریەک لە، دیزموند دی سیلڤا داواکاری گشتی پێشو لەدادگای تایبەت بەسیرا لیون، جیفری نایس داواکاری گشتی پێشو لەدادگای سەرۆکی پێشوی یۆگۆسلافیا سلۆڤۆدان میلۆسۆفیج، دیڤید کراین کە بەرەسمی تۆمەی ئاراستەی سەرۆکی لیبیریا، چارلر تایلو کرد، ئامادەکراوە.
یەکێک لەشایەتەکان کە وێنەگرە و دەڵێت لەدەست پۆلیسی سەربازی سوریا هەڵهاتوە، نزیکەی 55 هەزار وێنەی ژمارەیی 11 هەزار بەندکراوی کوژراوی ڕادەستی شارەزایانی پزیشکی دادوەری کردوە لەنوسینگەیەکی یاسایی کە نوێنەرایەتی قەتەر دەکات لەلەندەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لە 31 پەڕە پێکدێت هەندێک لەتەرمەکان چاویان دەرهێنراوە و هەندێکی تریشیان نیشانەی خنکان و لێدانی کارەباییان پێوە دەردەکەوێت.
ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن شاهێدەکە و بەڵگەکانیشی متمانەپێکراوە بەتایبەت دوای "وردبینییەی تەواو" لەسەری، دەرئەنجامی کارەکەشیان دەخەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەت و ڕێکخراوەکانی بەگریکار لەمافەکانی مرۆڤ. دا سیلڤا بەگاردیانی وتوە بەڵگەگان "سەلماندنێکی یەکلاکەرەوەیە" کە ڕژێمی بەشار ئەسەد "کوشتارگەی کوێرانە"ی ئەنجامداوە.
کراین-یش بەڵگەکانی بە "بێ وێنە" ناوبردوە و ئەوەی خستوەتەرو کە بابەتێکی گرنگە بۆ کردنەوەی دۆسییەکی دادوەری و وتی "ئەمە یەکەم بەڵگەی ڕاستەوخۆی مایەی سەلماندنە دەربارەی ئەوەی بەرامبەر لانی کەمی 11 هەزار کەس کراوە کە ئەشکەنجەدراون و دواتر لەسێدارەدراون".
لەمانگی ئاداری 2011ەوە وڵاتی قەتەر پشتیوانی چەکدارانی بەرهەڵسکار لەسوریا دەکات لەسەرەتای دەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەد، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
- 21-01-2014