خەندان کامەران عەبدە ساڵح
بەپێی ئاماری ڕوداوەکانی 2013 ی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕینەوە ئامادەکراوەو، وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لەساڵی ڕابردوودا 54 هاوڵاتیی دانیشتووی ئه و سنوورە، بەهۆی ڕوداوەکانی چەکەوە بوونەتە قوربانی، کە پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
رائید محەمەد فازڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی ڕاپەڕین، بە خەندانی ڕاگەیاند: تائێستا لە لایەن لیژنە تایبەتەکانی ئاسایشەوە، چەندین ڕاپۆرت دەربارەی مامەڵەکردنی نایاسایی بە چەک و تەقەمەنی لە سنوری ڕاپەڕین، بۆ ئاسایشی گشتی سلێمانی بەرزکراوەتەوە.
وتیشی: "هەرچەندە لە لایەن ئاسایشی ڕاپەڕینەوە لێپرسینەوە لەگەڵ ئه و کەسانەدا دەکرێت کە کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی بڕیار و ڕێنمایی پێویست لە لایەن ئاسایشی گشتییەوە، نەتوانراوە دیاردەکە بەتەواوی بنەبڕ بکرێت".
یەکێک له و خاوەن دوکانانەی لەرانیە مامەڵە بە چەک و کەرەستەی سەربازییەوە دەکەن، بۆ خەندان وتی: "خەڵکانێک هەن بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و ماڵەکانیان، چەکمان لێدەکڕن، هەرچەندە بەداخەوە زۆرجار کاری نامرۆڤانە و کوشتن به و چەکانەوە دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئەم ماوەیە، کە هەندێک ڕوداوی نەخوازراو بەهۆی چەکەوە لە سنووری هەولێر و سلێمانی ڕوویاندا، ڕێگرییەکی ئەوتۆ نەدەکرا لە مامەڵەکردن بە کەرەستەی سەربازییەوە، بەڵام لە ئێستادا کارەکەیان دژوار بووە، هەروەک پێشبینیشدەکرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دوکانەکانیان پێدابخەن.
باسی لەوەشکرد، کە کارێکی باش نییە دوکانەکانیان بەیەکجاری پێدابخەن، چونکە ئەوان جگە لە چەک و تەقەمەنی، چەندین جۆر کەلوپەلی سەربازی وەک جلوبەرگی سەربازو پۆلیس دەفرۆشن، بۆیە واباشترە لەجیاتی بڕیاری داخستن، کارەکەیان سنووردار بکرێت.
- 21-01-2014