شەبەکەکان ڕوبەروی کوشتارو ڕاگواستنی زۆرەملێ بونەتەوە لەناو شاری موسڵدا، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ دەڵێت "لەساڵی 2013دا زیاتر لە500 شەبەک لەموسڵ کوژراون و 700 ماڵیش ئه و شارەیان جێهێشتووە".
ئا: ئاوێنە
هەفتەی ڕابردو، کاسبکارێکی شەبەک بەناوی عارف حسێن جەرجیس لەبازاڕی ئاژەڵان "گەراج شیمالی جاران" لەناو موسڵ کوژرا، شەبەکەکان ئۆباڵی کوشتنەکەی دەخەنە ئەستۆی لایەنە "تیرۆریستە توندڕەوە ئیسلامیەکان"، ئەندامی شەبەکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ "غەزوان حامد حەمید" لەبڵاوکراوەیەکدا وێڕای ئەوەی داوا لەلایەنە بەرپرسەکان دەکات بەرپرسیاریەتی پاراستنی سەرو گیانی هاوڵاتیانی شەبەک لەناو موسڵدا ئەستۆ بگرن، لەهەمانکاتیشدا داوا لەهەموو هاوڵاتیانی شەبەک دەکات کە ئاگایان لەخۆیان بێت بەهۆی تێکچونی باری ئەمنیەوە له و شارەدا.
غەزوان حامید حەمید کە خۆی بەنوێنەری شەبەک و کاکەییەکانی پارێزگای موسڵ ناودەبات، ئاماژە بەوە دەکات کە لە2006ەوە تا ئێستا زیاتر لە12 هەزارو 997 شەبەک لەپارێزگای موسڵدا کوژراون، لە2006ەوە تا ئێستاش زیاتر لە7 هەزار ماڵ شاری موسڵیان لەترسی گیانی خۆیان جێهێشتووە، ناوبراو لەپەیوەندیەکدا بەئاوێنەی ڕاگەیاند کە "تەنها لەساڵی 2013دا زیاتر لە500 شەبەک لەموسڵ کوژراون و 700 ماڵیش ئه و شارەیان جێهێشتووە".
ئێستا لەڕوی دابەشبونی جوگرافییەوە زۆربەی شەبەکەکان لەناحیەی بەرتەله و قەزای حەمدانیەدا کە دەکەوێتە دەشتی موسڵەوە نیشتەجێن، هەرچەندە لەزۆربەی شوێنەکاندا لەگەڵ مەسیحیەکان تێکەڵن، بەڵام نزیکەی 60 گوندی دەروبەری بەرتەله و حەمدانیە کوردن.
غەزوان باس لەوە دەکات کە شەبەکەکان لەچەند عەشرەتێک پێکدێن کە گەورەترینیان "باجەلان" و "داودی" و "زەنگەنە"یە، ئه و وتی "لەڕوی دابەشبونی ئاینزاشەوە شەبەکەکان 70%یان شیعه و 30%یان سوننەیە، ئێمەی شەبەک وەک دابونەریت لەکاکەییەکانەوە نزیکین و وەکو شێوەزاریش لەهەورامیەکان".
وتیشی "شەبەک ناوی ناوچەیە نەک عەشرەت، ئێمە هەمیشە کورد بوین و هەر کوردیش دەبین، ئێمە لەکاتی شۆڕشی ئەیلولدا پشتوپەنای بەهێزی شۆڕش بوین، هەربۆیە لەسەردەمی سەدامەوە تا ئێستا هەمیشە بەعس و گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان بەردەوام فشاریان لەسەر ئێمەیە بۆ ئەوەی حاشا لەکوردبونی خۆمان بکەین".
غەزوان ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئه و کوشتارو فشارە گەورەیەی بەدرێژایی لەسەر شەبەکەکان بووە، بەڵام ئەوان نەیانویستوە وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن، کە ناوچەکەیان لەدەشتی موسڵ ناوچەیەکی بەرهەمهێنەری بەپیت و بەرەکەتە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
ئه و جەغت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەدەست چەند گرفتێکەوە گیرۆدەن، لەپێشیانەوە ئەوەی کە هەرچەندە زۆربەی دەڤەرەکەیان لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەگوندەکانیان لەژێردەستی سوپای عێراقدایه و ئەمەش مایەی مەترسی و نیگەرانی ئەوانە، چونکە له و جێگایانەدا ڕوبەروی کوشت و کوشتار دەبنەوە،
هەربۆیە زۆربەی هەرە زۆری شەبەکەکان لەگەڵ گەڕانەوەی ناوچەکانیانن بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
دوەمیشیان ئه و هەلومەرجە ئابوریە قورس و نالەبارەیە کە ئێستا شەبەکەکانی تیا دەژین، بەتایبەتی گەنجەکانیان،
کە زۆربەی هەرە زۆریان بێکارن و دەکرێت لەرێگەی دامەزراندنیانەوە لەناو هێزی پێشمەرگه و پۆلیسدا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە نایانەوێت بچنە ناو سوپای عێراقەوە.
غەزوان وتی "زۆر دەمێکە ئێمە خوازیارین کە ڕاوێژکارێک بۆ کاروباری شەبەکەکان لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دابنرێت، بەڵام کەس گوێمان لێناگرێت".
وتیشی "سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری شەبەکەکانیش لەگەڵ پارتین کەچی نەک لەئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی شەبەکمان نییە، بەڵکو لەلقەکانی موسڵ و حەمدانیەش کارگێڕێکمان نییە".
- 30-01-2014