بەپێی ئاماری پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردو لە پارێزگای هەولێر 88 کچ دەستدرێژییان کراوەتە سەر، 19 لەو کچانە تەمەنیان لەنێوان 1-10 ساڵاندا بووە و بەو هۆیەوە 2 لەو کچانە کچێنییان لەدەستداوە.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: بەپێی ئامارەکە کە ڕۆژنامەی ڕووداو بڵاویکردۆتەوە، ساڵی ڕابردو 88 کچ کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی سەردانی پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی هەولێریان کردووە. 19 لەو کچانە تەمەنیان لەنێوان 1-10 ساڵاندا بووە و بەو هۆیەوە 2 لەو کچانە کچێنییان لەدەستداوە.
هەروەها 69 کچیش کە تەمەنیان لەنێوان 11 تاوەکوو 40 ساڵان بووە هەر بەو هۆیەوە سەردانی پەیمانگەی ناوبراویان کردووە، 15 لەوانە کچێنییان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری پەیمانگاکە، ساڵی ڕابردو لە شاری هەولێر 313 کەس، کە بەهۆکاری جیاجیا لەشوێنی بەرز کەوتونەتە خوارەوە سەردانی بنکەکانی ئەو پەیمانگەیەیان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کچێنییان ماوە یان نا. زۆربەی ئەوانەی کەوتونەتە خوارەوە کە 235 کچن، تەمەنیان لەنێوان 1- 10 ساڵانە. هەروەها 57 کچی دیکەش کە تەمەنیان لەنێوان 11 تاوەکوو 40 ساڵاندا بووە و لەپشکنیندا دەرکەوتووە کە 8یان کچێنییان لەدەستداوە.
پەیمانگاکە بەڵگەنامەیەک بۆ ئەو کچانە درووست دەکات کە بەهۆی کەوتنە خوارەوە وە کچێنییان لەدەستداوە، تاوەکوو لەکاتی شوکردندا تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی نەبنەوە لەگەڵ مێردو کەسوکاریان.
لەئامارەکەی پەیمانگەی پزیشکی دادوەری لە هەرێمدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە ساڵی ڕابردو 114 کچ کە شویان کردووە و تەمەنیان لەنێوان 11 تاوەکوو 40 ساڵاندا بووە، سەردانی پەیمانگەی دادپزیشکییان کردووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە 85یان هێشتا کچن.
بەپێی ئامارەکەی پەیمانگەی ناوبراو، 48 کچی دیکە کە 27یان تەمەنیان لەنێوان 1- 11 ساڵاندا بووە، لەبەر هۆی تر پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتووە چواریان کچێنییان لەدەستداوە کە تەمەنیان لەنێوان 11 تاوەکوو 30 ساڵاندا بووە.
ئامارەکە ئەوەش دەخاتەڕو کە پشکنین بۆ 102 کچ کراوە کە لەدواوە سێکسیان لەگەڵ کراوە لەئەنجامدا دەرکەوتووە 36 کچ کۆمیان دڕاوە، سێ لەوانەش تەمەنیان لەنێوان 1 تاوەکوو 10 ساڵان بووە، 30 لەوانە تەمەنیان لەنێوان 11 تاوەکوو 30 ساڵان بووە، هەروەها سێیەکەی دیکەش تەمەنیان لەنێوان 31 تاوەکوو 40 ساڵاندا بووە.
دیارترین حاڵەتی دەستدرێژی لە ساڵی ڕابردودا دەستدرێژی گەنجێکی شاری موسڵ بوو کە لە شاری هەولێر کاری دەکرد و دەستدرێژی کردبووە سەر چەند منداڵێکی کچ کە تەمەنیان نزیکەی 10 ساڵان بووە، ئەو گەنجە دوای دەستگیرکردنی دانی بەهەموو تاوانەکاندا نا.
-03-02-2014