بەرپرسی ئاژانسی خۆراکی جیهانی WFP لە هەولێر ئاشکرایدەکات، ئەمساڵ تا ئێستا 420 تەن هاوکاری مرۆییان گەیاندوەتە ئاوارەکانی سوریا و ئاماژە بە بەردەوامی گەیاندنی هاوکارییەکانیشیان دەکات بۆ لێقەوماوانی ئه و وڵاتە.
لەدیدارێکی کە ئەمڕۆ پێتنجشەممە لە نێوان د.دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کاروباری ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و محەمەد حاج فەرەح، بەرپرسی ئاژانسی خۆراکی جیهانیWFP لە هەولێر و شاندێکی یاوەری، باس لە بەردەوامی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکاری نێودەوڵەتی مرۆیی بەرێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ ناوچەی حەسەکەی سوریا کرا.
هەروەها تاوتوێکردنی بارودۆخی پەنابەرانی ڕۆژئاوا بەگشتی لەناو کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی WFP لەبواری زیاتر باشترکردنی ڕەوشی پەنابەران و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و بەتایبەتی کەلوپەلی خۆراک تەوەرێکی تری ئەم دیدارەبوو.
لە لایەن خۆیەوە بەرپرسی ئاژانسی WFP لە هەولێر ڕاگەیاند: لەساڵی نوێیەوە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی حەسەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تائێستا بەپێی ئه و بەرنامەی کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەهاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دارێژاوە بڕی 420 تەنی هاوکاری مرۆیی بەرێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیێندراونە ناوچەی حەسەکە و بڕیار وایە تا ڕێکەوتی 09-03-2014 بڕی 1200 تەن له و هاوکاریە مرۆییانە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بگەیەنرێنە ئەم ناوچەیە و نزیکەی 300 هەزار کەس لەم هاوکاریە مرۆییانە سوود مەند دەبن.
لە بەرامبەردا جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کاروباری ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پێشکەش کردنی هەموو هاوکاری و هەماهەنگیەک لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی گەیاندنی دەستی هاوکاری مرۆیی بە گەلانی سوریا بەگشتی و ناوچەکانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی.
- 20-02-2014