خەندان- سۆران کەریم
لە لایەن فالح فەیاز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ڕاپۆرتێک دەربارەی ژمارەی "قوربانییەکانی تیرۆر" لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2013 دەدرێتە نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی حکومەتی فیدڕاڵ، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، له و ماوەیەدا 78 هەزار و 815 کەس " شەهید" بوون.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە کۆپییەکی دەست خەندان کەوتووە، بەرزترین ڕێژەی قوربانی لە ساڵی 2006 تۆمارکراوە کە تیایدا 31 هەزار و 539 کەس "شەهید" بوون و بەدوای ئەویشدا لە ساڵی 2007 دا 16 هەزارو 915 کەسی دیکە، بوونە قوربانی کردەوە "تیرۆریستی"یەکان.
هەروەها کەمترین ژمارەی قوربانی لە ساڵی 2011 تۆمارکراوە کە له و ساڵەدا و بەپێی ئامارەکان، کە پشتبەستوو بووە بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و چەند دەزگایەکی دیکەی فەرمی، لە ساڵی 2011 شەش هەزار و 721 کەس "شەهید" کراون.
لە ڕاپۆرتەکە ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە ساڵی 2013 ڕێژەی کردەوە "تیرۆریستییەکان" لە چاو ساڵی 2012 دا زیاتر بووە، ئەوەش بە تۆمارکردنی هەشت هەزار و 639 کردەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2012 تەنها سێ هەزار و 549 کردەوە ئەنجامدراوە.
زۆرترین ڕێژەی کردەوەی "تیرۆریستی" لە پارێزگای نەینەوا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە سێ هەزار و 499 کردەوە و بەدوای ئەویشدا پارێزگای بەغدا دێت بەتۆمارکردنی دوو هەزار و 469 کردەوە، پاشان پارێزگای سەڵاحەدین بە تۆمارکردنی هەزار و 319 کردەوە.
- 27-02-2014