ئا: ئاسۆ سەراوی
لە18ملیۆن دۆنم زەوی هەرێم، 6ملیۆنی بۆ کشتوکاڵکردن گونجاوە، لەماوەی ساڵانی ڕابردو، زیادەڕەوەی کراوەتە سەر یەک ملیۆن و نیو دۆنمی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئه و زەوییانەی ماونەتەوە بەباشترین شێوە سودیان لێوەربگیرێت "جگە لەگرنگیدان بەبەرهەمی زیاتر، ئەمساڵ ساڵی چککردنی کوایتی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیش دەبێت".
جگێری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ڕزگار حەمەد خدر لەدیدارێکی ئاوێنەدا باس لەچۆنێتی خەرجکردنی بەشە بودجەی ساڵی پێشوی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان دەکات، ئەوەش دەخاتەرو کە بەشێوەیەکی گشتی بەشە بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ لەهەرێمدا لە2% ی بوجەی گشتی زیاتر نییە، لەکاتێکدا لەوڵاتانی پێشکەوتوی دنیا لە10% کەمتر نییە.
پرۆژەکانی ساڵی 2013 چی بوە؟
لەساڵی 2013دا بەشە بودجەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی 18 ملیار و 222 ملیۆن دینار بوە، کە 13 ملیار و 322 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژە نوێکانی ئه و ساڵە بوە، 4 ملیار و 900 ملیۆن دیناریشی بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان بوە، " لە2013دا 72%ی پرۆژەکان ئیحالە کراوە و 62%ی جێبەجێکراوە".
لەگرنگترین ئه و پرۆژانەش کە له و ساڵەدا کراون، 4 هەزار و 700 بنەتۆی گەنم بەنرخێکی داشکێنراو بەڕێژەی 45% دراوەتە زیاد لە 9 هەزار جوتیار، هاوکات 4 ملیارو230 ملیۆن دینار بۆ کڕینی ئاڵفی ئاژەڵ خەرجکراوە و بایی 11 هەزارو 561 تەن جۆ بۆ خاوەن ئاژەڵەکان کڕدراوە و بەنیوەی نرخەکەی پێیاندراوەتەوە، 100 تەن ئاڵف بۆ پڕۆژەکانی حەوزی ماسی کڕدراوە کە بریتی بوە لە 4 هەزارو 800 تەن ئاڵف. "ئەمە جگە لەچەندین پرۆژەی تر و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەندەها باخ بەشێوەیەکی زانستیی نوێ". هەر له و ساڵەدا لە5%ی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، پرۆژەیەکی تریان دروستکردنی گەنجینەیەک بوە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی دروستکردنی تاقیگەیەکی گشتی بۆ پشکنینی بەرهەم و سەوزەمەنیەکان، هەر لەبودجەی ئه و ساڵەدا بایی 161 ملیۆن دینار پەتاتەی تۆوی هۆڵەندی کە 180 تەن بوە کڕدراوە، بەسەر جوتیارانی ئه و بوارەدا دابەشکراوە،
ناوچەکان بەپێی گرنگیی بەرهەمەکانیان دابەشکراون
جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لەکاتی پێگەیشتنی سەوزە و میوەی بەرهەمی ناوخۆیی توانیویانە بەرێژەی لە30% تا 50% پێداویستیەکانی بازاڕی ناوخۆی هەرێم دابین بکەن، هەر لەم دیدارەی ئاوێنەدا ڕزگار حەمەد خدر هێما بەوەش دەکات کە بەپێی تایبەتمەندی و زۆریی و باشیی بەرهەمیان ناوچەکانی سلێمانییان بۆ چەند زۆنێک دابەشکردوە، لەوانە هەڵەبجە بۆ سێو و هەنار، پێنجوێن بۆ تەماتە و شوتی، شارباژێڕ بۆ ترێ، بتوێن بۆ شیر و پەنیر و پیاز، شارەزور بۆ گەنم و جۆ، دوکان و دەربەندیخان بۆ پرۆژەکانی ماسی، چەمچەماڵ بۆ گەنمەشامی و پەتاتە.
پلانی پێنج ساڵەکە چی کرد؟
هەرچەندە پلانی پێنج ساڵەی کشتوکاڵی کە لەکۆتایی 2013 تەواوبو، بۆ گەیشتن بو بەئاسایشی خۆراک لەهەریم بۆ بەرهەمەکانی (گەنم و جۆ و گەنمەشامی و پەتاتە و سەوزە و میوە و ماسی و هەنگوین) وەک بەشێک لەشارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئاماژەی پێدەکەن، ئه و پلانە شکستیخوارد و نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆی، بەڵام ئه و بەرپرسەی کشتوکاڵی سلێمانی بۆچونێکی تری هەیه و دەڵێت "من ناڵێم پلانی پێنج ساڵەی کشتوکاڵ شکستیهێناوە، بەڵام دەکرێت بڵێین لە100% ئامانجی نەپێکا، لانیکەم کەموکوڕیی و گرفتە سەرەکیەکانی ئه و کەرتە بەئامار خرایەرو، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی باش بو لەکەرتی کشتوکاڵدا".
6دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە
ئه و بەرپرسەی کشتوکاڵ ئەوەشی ڕونکردەوە کە لە 6ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵیی هەرێم پێنج ملیۆن دۆنمی کەوتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە کە 200 هەزار دۆنمی زەوی بەراوە و یەک ملیۆن دۆنمی گەنم و جۆی تێدا دەکرێت و 2 ملیۆن دۆنمی لەوەڕگای سروشتیە و 1 ملیۆنو600 هەزار دۆنمی دارستانی سروشتیە و 25 هەزار دۆنمی دارستانی دەستکردە و 878 هەزار دۆنمی لەوەڕگای دەستکردە.
گرنگی بەزیادکردنی بەرهەمی پەتاتە دەدەن
لەبارەی ئەوەش کە وەک بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ ئەمساڵ چاویان لەسەر گەشەکردنی چ بوارێکە؟ ڕزگار حەمەد خدر ئەوەی خستەرو کە ئەمساڵ لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمدا هاوکات گرنگیی بەکوالیتی بەرهەمەکانیش دەدەن، ئەوەشی بەنمونە هێنایەوە کە ساڵی پێشو 181 تەن تۆوی پەتاتەیان دابەشکردبو، بەڵام ئەمساڵ 309 تەنیان دابەشکردوە، لەبواری گرنگیدا بەبەرهەمەکانی خانوی پلاستیکیش کە 4 هەزار و 500 خانویان هەیە، وەک ئه و وتی "ئەمساڵ گرنگی بەچاکردنی بەرهەمی خانوە پلاستیکیەکان دەدەین، ئەمەش بەچەندەها شێوە وەک کردنەوەی دەورە بۆ جوتیاران و دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ ئه و جۆرە نەخۆشیانەی توشی بەرهەمەکانیان دەبێت، هەوڵدەدەین ئەمساڵ کرێی گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دابین بکەینەوە کە ساڵی پێشو بڕابو".
لەبارەی داواکردنی بەشە بودجەشیان بۆ ساڵی 2014، ئه و وتی "بەپێی ڕێژەی 43% کە بەر سلێمانی و گەرمیان دەکەوێت، داوای 20 ملیار دینارمان کردوە".
- 09-03-2014